تۆم بەڕاک و فوئاد حوسێن لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوە

 نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، لە کەناراوەکانی شاخی زێڕین لە ناوچەی تەرسانەی ئیستانبوڵ پێشوازی لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کرد و لە دیدارێکدا تاوتوێی پەیوەندییە هاوبەشەکان و پرسە هەرێمییەکانیان کرد.

شەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق  رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق باسیان لە "هاوپەیمانێتییە نزیک و بەردەوامەکەی نێوان عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا" کردووە، هەروەها تیشکیان خستووەتە سەر ئەو کۆسپ و تەگەرە هەرێمییانەی رووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە، و جەختی لەوە کردەوە، ئەو ئاستەنگانە بە جۆرێکن هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت بە تەنیا تێیانپەڕێنێت.

 نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، ستایشی پێگەی دیپلۆماسیی فوئاد حوسێنی کرد و گوتی: "شەرەفێکی گەورە بوو کە بەشدار بووم لە گفتوگۆیەک لەگەڵ یەکێک لە رێزلێگیراوترین دیپلۆماتکارانی ناوچەکە و گوێبیستی سەرنج و داناییەکەی بووم." رایگەیاند، نێردراوانی بەغدا لە سەردەمی خەلیفەکانەوە روویان لەم بەندەرە کردووە، هەربۆیە درێژەپێدانی ئەو دیالۆگە لەم شوێنەدا هەنگاوێکی تەواو گونجاو بووە.