ئێران سەرقاڵی بەهێزکردنەوەی جبەخانە سەربازییەکانیەتی

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، ئێران سەرەڕای چەند مانگێک هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل، توانیویەتی کارگەکانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بپارێزێت و بەشێک لە جبەخانە سەربازییە لەناوچووەکانی پڕبکاتەوە. لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی سەر ئێرانی تا کاتی هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا لە تشرینی دووەمدا هەڵپەساردووە.

شەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، بلومبێرگ لە زاری چەند بەرپرسێکی رۆژئاوایی کە ئاگاداری هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانن گواستییەوە، تاران هێشتا توانای دروستکردنی چەکی نوێ و بونیاتنانەوەی کۆگاکانی هەیە. بەرپرسێک جەختیکردەوە، ئێران هێشتا کۆگایەکی گەورەی مووشەکی بالیستی و چەکی دژە کەشتیی پێ ماوە و توانای بەرهەمهێنانی زیاتری لە ماوەیەکی کورتدا هەیە. لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، بەرپرسێکی رۆژئاوایی رایگەیاندووە رووسیاش مووشەک بۆ ئێران دابین دەکات، ئەمەش پشتڕاستکردنەوەی هەڵسەنگاندنێکی مانگی حوزەیرانی رابردووە. وەزارەتی بەرگریی رووسیا وەڵامی داواکارییەکی بۆ لێدوان نەدایەوە.

ئەم هەڵسەنگاندنانە پێچەوانەی لێدوانەکانی ترەمپ و تیمەکەیەتی سەبارەت بە لەناوبردنی تواناکانی سەربازی و پیشەسازیی ئێران. سەرۆکی ئەمریکا پێشتر سوپای ئێرانی بە وێرانبوو وەسف کردبوو. هاوکات پیت هێگسیس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە وتارێکدا لە 30ـی ئەیلوول گوتی: "هێزەکانی ئەمریکا توانای پیشەسازیی سەربازیی ئێران و بنکەی بەرگریی بەتەواوی تێکیانشکاندووە".

راپۆرتەکە رایگەیاندووە، هێرشە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان بە ئەگەرێکی زۆرەوە زیانی گەورەیان بە تواناکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێران گەیاندووە بەراورد بە ئاستەکانی پێش جەنگ. لەگەڵ ئەوەشدا، ناڕوونی سەبارەت بە قەبارەی کۆگاکانی ماوە و توانای تاران بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بەردەوامە. بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە ئیسرائیلییەکان، ئێران پێش هەڵگیرسانی جەنگ نزیکەی 2,500 مووشەکی بالیستی هەبووە، لە کاتێکدا هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییە رۆژئاواییەکانی مانگی حوزەیران رایانگەیاندووە تاران نزیکەی سێ بەشی ئەو تەقەمەنییانەی ماوە کە پێش جەنگ هەیبووە. بلومبێرگ دەڵێت، تا ئێستا ژمارەیەکی پشتڕاستکراو بۆ دیاریکردنی قەبارەی ئێستای کۆگاکان بەردەست نییە.

کۆشکی سپی ئەم هەڵسەنگاندنەی رەتکردەوە. ئانا کیلی، وتەبێژی کۆشکی سپی بە بلومبێرگی راگەیاند: "ترەمپ لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی چەکووشی نیوەشەو، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی بەتەواوی وێرانکرد". ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەو هێرشانەی کە لە ماوەی جەنگی 12 رۆژەی ئیسرائیل و ئێران لە حوزەیرانی 2025 جێبەجێکران. کیلی گوتی: "دواتر ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانی سەرکەوتوو بوو لە تێکشکاندنی ئەو قەڵغانە کلاسیکییەی ئێران بۆ پاراستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دروستی کردبوو، لەنێویاندا مووشەکە بالیستییەکان و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان و هێزی دەریایی". ئەم لێدوانە ئاماژەیە بۆ ئەو جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی ئەمساڵدا دژی ئێران دەستی پێکرد.

لەلایەکی دیکەوە، راپۆرتەکە چاودێریی پەرەسەندنی هێرشەکانی سەر کەشتییەکانی نزیک گەرووی هورمز دەکات و ئاماژە بەوە دەکات بەگوێرەی هێزی دەریایی بەریتانیا، لایەنی کەم 10 کەشتی لە ماوەی یەک هەفتەدا رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە. راپۆرتەکە پێی وایە بەردەوامیی توانای ئێران بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک و چەکی دژە کەشتی رەنگە دەرفەتی ئەوەی پێ بدات بەردەوام بێت لە خۆڕاگرتن ئەگەر واشنتن هێرشەکانی دەستپێکردەوە، بەتایبەت لە سایەی گوشارە ئابوورییەکان و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا کە هەناردەی نەوتی ئێران دەکاتە ئامانج.

شارەزایان بە بلومبێرگیان راگەیاندووە، رەنگە ئێران زیاتر پشت بە شێوازەکانی جەنگی نایەکسان ببەستێت بە سوودوەرگرتن لە کۆگای مووشەکەکان و توانای شاردنەوەی هەندێک چەک لە ناوچە شاخاوییەکاندا، ئەمەش ئامانجگرتنیان لە ئاسمانەوە ئەستەم دەکات. راپۆرتەکە رایگەیاندووە، نرخی نەوت 100 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا تێچووی کرێی تانکەرێکی نەوت بۆ نزیکەی 1.2 ملیۆن دۆلاری رۆژانە بەرزبووەتەوە، بەراورد بە کەمتر لە 50 هەزار دۆلار پێش جەنگ. بەگوێرەی راپۆرتەکە، وەستانی هێرشە گەورەکانی ئەمریکا کاتی بۆ ئێران رەخساندووە بەشێک لە تواناکانی خۆی بەدەست بهێنێتەوە و جبەخانەکەی بنیاتبنێتەوە، لە کاتێکدا رێڕەوی ململانێکە هێشتا کراوەیە بۆ ئەگەری پەرەسەندنی زیاتر.