ئێران لەسەر سنوورەکان زیاتر لە 50 یەکەی سەربازی جێگیر دەکات

 فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای ئێران رایگەیاند، زیاتر لە 50 یەکەی شەڕکەر و پشتیوانی لەسەر سنوورەکانی ئێران جێگیرکراون و ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەکین. هاوکات روونیکردەوە، رێوشوێنی پێویست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەگەری دزەکردنی هێزی دوژمن بۆ ناو خاکی ئێران گیراوەتەبەر.

شەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی جەهانشاهی، فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فارس گوتی، ئەو جێگیرکردنە لەگەڵ دەستپێکی جەنگی رابردوو دەستیپێکردووە و هێزەکان لە پێگەکانی خۆیاندا ماونەتەوە. ئەو هێزانە بریتین لە لیوای جوڵاو، هێزی کاردانەوەی خێرا، یەکەی زرێپۆش و میکانیکی، لەگەڵ تۆپهاوێژ، ئەندازیاری، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

بە گوتەی ئەو فەرماندەیە، بڵاوبوونەوەی هێزەکان لە باکووری رۆژئاواوە تا رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوا، هەروەها لە رۆژهەڵاتەوە تا باشووری رۆژهەڵات و کەناراوەکانی مەکران درێژدەبێتەوە. جەهانشاهی گوتی: "گواستنەوەی کارمەندان، تەقەمەنی و کەرەستەکان بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی قورس کراوە، جوڵەکانیش بەشەوان و لەژێر هەڕەشەی فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوژمن بوون و ئەم جێگیرکردنە کاریگەریی هەبووە لە رێگریکردن لە هەر هەوڵێک بۆ بەزاندنی سنوورەکان".

سوپا لە سەرانسەری وڵات ئۆپەراسیۆنی گەڕانی بۆ دیاریکردنی ئەو ناوچانە کردووە کە رەنگە بۆ نیشتنەوەی فڕۆکەی دوژمن یان هاتنەژوورەوەی هێزەکان بەکاربێن، لەوانەش فڕۆکەخانەکان. هاوکات رێکاری پێویست بۆ تەرخانکردنی یەکەکان بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەیان دانراوە.

جەهانشاهی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "هێزە جێگیرکراوەکان ئەرکەکانیان بەردەوام دەکەن، سەرەڕای سەختییەکانی وەک پلەی گەرمای زیاتر لە 50 پلەی سیلیزی، شێداریی بەرز و کەمیی هەندێک لە پێداویستییەکان، بەڵام بۆ ئۆپەراسیۆنەکان ئامادەن". ئەو فەرماندەیە ئەوەشی خستەڕوو، سوپا پلانە ئۆپەراسیۆنییەکانی پێداچوونەوەی بۆ کردووە، پێکهاتەی رێکخستنی جەنگییەکەی هەموارکردووەتەوە و هەوڵیداوە یەکەکان بە چەکی ورد و زیرەک دابین بکات.

هەروەها باسی لە دروستکردنی خەندەق، تونێل، شوێنی تەقەکردن و قەڵای بەرگری لە ناو بنکەکاندا کرد بە ئامانجی کەمکردنەوەی زیانە گیانییەکان و سنووردارکردنی ئامانجگرتنی کەرەستەکان. جەهانشاهی ئاشکرایکرد، هێزی وشکانی لە ماوەی جەنگدا ئۆپەراسیۆنی هێرشبەری بە مووشەک کردووە و هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە جۆری ئارشی بەرەو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل هەڵداوە.

بە باوەڕی فەرماندەی هێزی وشکانی، تواناکانی یەکەکانیان و ئامادەییان لەوەی پێش جەنگ زیاتر بووە و بەرهەمهێنانی کەرەستە سەربازییەکان بەردەوامە. ئەو دانی بەوەدا نا، ژمارەیەک بنکە رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە و بەشێکی زۆری باڵەخانەکانیان وێران بوون، بەڵام بڵاوکردنەوەی هێزەکان و دروستکردنی قەڵاکان کاریگەرییان لە کەمکردنەوەی زیانەکان هەبووە.

لەلایەکی دیکەوە، عەلی عەبدوڵڵاهی، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران و فەرماندەی بنکەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، ناوەندەکانی سەر بە فەرماندەیی پۆلیس کراونەتە ئامانج و ژمارەیەک لە ئەندامانیان کوژراون.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی تەسنیم کە شەممە بڵاوکراوەتەوە، عەبدوڵڵاهی هێرشەکانی خستووەتە ئەستۆی ئەمریکا و ئیسرائیل. عەبدوڵڵاهی داوایکرد بە خێرایی کار بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەکان و کەرەستەکان و ئاوەدانکردنەوەیان بکرێت بۆ ئەوەی ئەندامانی پۆلیس بتوانن ئەرکەکانیان لە بارودۆخێکی باشتردا درێژە پێبدەن.