کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز تەقییەوە

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای پاسدارانی ئێران، کەشتییەکی نەوتهەڵگر، لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمزدا بە هۆی بەرکەوتنی بە مینێکی دەریایی، تەقیوەتەوە.

شەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کەشتییەکی گەورەی نەوتی خاو کە هەوڵیداوە لە رێگەیەکی نائاساییەوە لە گەرووی هورمز تێپەڕێت، بەهۆی بەرکەوتنی بە مینێکی دەریایی تووشی تەقینەوەیەکی بەهێز بووە. هێزی دەریایی سوپای پاسداران روونیکردەوە، کەشتییەکە سیستەمی دیاریکردنی شوێنی خۆی کوژاندووەتەوە.

لە بارەی زیانە مادی و گیانییەکانەوە، سوپای پاسداران هیچ زانیارییەکی ئاشکرا نەکردووە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، هەینیی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندبوو، هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی گازی شل لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز. لە پێشهاتێکی دیکەدا و هەر لە هەینیی رابردوو، بەپێی راگەیەندراوی دەزگای ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا، کەشتییەک لە کەناراوەکانی ئیمارات لەلایەن مووشەکێکی نەناسراوەوە کرایە ئامانج. رووداوەکە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە کەشتییەکەدا کە دواتر کۆنترۆڵ کرا.

ئەم هێرشە دوو رۆژ دوای ئەوە دێت، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە نزیک کەناراوەکانی قەتەر بە چەند مووشەکێک هێرشی کرایە سەر. بەپێی زانیارییەکانی دەزگای ئاسایشی دەریایی، رووداوەکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی قوربانی ژمارەکەیان ئاشکرا نەکراوە.

ئەم پێشهاتانە هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی ژمارەی ئەو کەشتییانەی لە گەرووی هورمزدا تێپەڕدەبن. بەپێی داتاکانی کەشتیوانی، هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکانی نەوت لەم رێڕەوە ئاوییە گرنگەدا لە هەفتەی رابردوودا گەیشتە بەرزترین ئاست لە دوای دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوودا.

بەپێی داتاکان، لە رۆژانی نێوان 28ـی ئەیلوول تا 5ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، لانیکەم 12 هێرش بۆ سەر کەشتییەکانی نەوت و گازی سروشتیی شل و کەشتییەکانی گازی شل لە دەوروبەری گەرووی هورمز روویداوە.