ویتکۆف و کوشنەر سەردانی مۆسکۆ دەکەن
ئاژانسی هەواڵی تاسی رووسی رایگەیاند، ئەگەری هەیە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، دوو دانوستانکاری ئەمریکی لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا سەردانی مۆسکۆ بکەن. ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکادایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا.
شەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی تاسی رووسی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە پشتڕاستیکردەوە، ئەگەری هەیە سەردانەکە بکرێت، بەڵام روونیکردەوە، وردەکارییەکانی سەردانەکە پێویستی بە هەماهەنگییە و تا ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو یان بەرنامەیەک بۆ گفتوگۆکان رانەگەیەندراوە. ویتکۆف و کوشنەر رۆڵێکی سەرەکی لە هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ نێوەندگیری نێوان مۆسکۆ و کیێڤ دەگێڕن.
دیمیتری پێسکۆف، گوتەبێژی کرملین هەینی پشتڕاستیکردەوە کە پێشوازی لە نێردراوانی ئەمریکا لە مۆسکۆ دەکرێت و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئامادەیە چاویان پێبکەوێت. ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە گوێ لەو بیرۆکە و پێشنیارانە بگرێت کە دانوستانکارانی ئەمریکا لەگەڵ لایەنی ئۆکرانی تاوتوێی دەکەن، ئەگەر بڕیاریان دا بیخەنە بەردەم سەرکردایەتی رووسیا.
سەردانە ئەگەرییەکە دوای ئەو گفتوگۆیانە دێت کە هەینی، ویتکۆف و کوشنەر لە میامی لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکرانی و ئەورووپی ئەنجامیاندا بۆ تاوتوێکردنی پێشنیاری نوێ بەمەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان. بەپێی راپۆرتێکی پێشووی ئەکسیۆس کە لە زاری بەرپرسێکی ئاگاداری ئەمریکی گواستوویەتییەوە، گفتوگۆکان جەختیان لەسەر تەواوکردنی ئەو گەرەنتییە ئەمنییانە کردووەتەوە کە ئەمریکا و ئەورووپا و ناتۆ دەتوانن لە چوارچێوەی رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێشکەشی ئۆکرانیای بکەن، هاوکات پێشنیارەکانیش لەبارەی پرسە هەرێمییەکان خرانەڕوو.
بەشداربووان هەروەها پاکێجێکی قۆناخی دوای جەنگیان تاوتوێکرد کە تێچووی ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانەوەی سوپای ئۆکرانیا و چارەسەرکردنی کورتهێنانی بودجە لەخۆدەگرێت، لەپاڵ رێڕەوی ئەندامێتی ئۆکرانیا لە یەکێتی ئەورووپا و سروشتی پەیوەندییە داهاتووەکانی لەگەڵ ناتۆ. گفتوگۆکان ئەگەری دانانی چوارچێوەیەکی ئەمنی نێوان ئەورووپا و رووسیا لە دوای جەنگیشی لەخۆگرت، لە هەوڵێکدا بۆ دۆزینەوەی رێکاری گونجاو کە هەردوولا قبووڵیان بێت.
سەرەڕای ئەوەی هەوڵەکان هاوکات بوون لەگەڵ ناکۆکییەکی نێوان واشنتن و کیێڤ، دوای ئەوەی ترەمپ رێککەوتنێکی لەگەڵ پووتین بۆ هەناردەکردنی دیزلی رووسی بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا و جیهان راگەیاند. ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رەخنەی لەم هەنگاوە گرت و بە دەستکەوتێک بۆ مۆسکۆ لە کاتی جەنگدا وەسفیکرد.
بەگوێرەی ئەو گێڕانەوەیەی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسە ئەمریکییەکە گواستییەوە، بڕیارەکەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە کیێڤ گوێی بە داواکارییە دووبارەکان نەدا بۆ راگرتنی بە ئامانجگرتنی پاڵاوگەکانی نەوتی رووسیا، ئەوەش بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەو هێرشانە لەسەر نرخی سووتەمەنی. لەبەرامبەردا، زێلینسکی ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر پاڵاوگەکان ئەگەر رووسیا هێرشەکانی بۆ سەر وێستگەکانی کارەبای ئۆکرانیا بوەستێنێت.
ترەمپ و پووتین هەینی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆسیەی وزە و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان تاوتوێکرد. بەڵام مۆسکۆ وادەیەکی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ کیێڤ دیاری نەکرد، چونکە یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا گوتی، هێرشە ئۆکرانییەکان بۆ سەر شارەکانی رووسیا بوونەتە رێگر لە بەردەم دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی دانوستانەکان، هەروەها پووتین بە لایەنی ئەمریکی راگەیاندووە کە وڵاتەکەی کاتی گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکان تاوتوێدەکات.