ئەمرۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت
بە پێی ئەو خشتەیەی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات و لە ماوەی چوار ڕۆژدا کۆتایی پێدێت.
رۆژی پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، 835 ملیار و 553 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکرابوو، هاوشێوەی چەند مانگی رابردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی ئەیلوول لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.
هەروەها بڕی 4 ملیار و 961 ملیۆن دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
هەروەها بەگوێرەی داتاکانی پڕۆژەی هەژماری من زیاتر لە 1,000,000 هاووڵاتی لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار کراون، خاوەنی کارتی بانکین و مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن. هاوکات زیاتر لە 750 ئامێری راکێشانی پارە دانراوە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دانراوە بۆ ئەوەی مووچەخۆران پارەکانیان لییەوە راکێشن.
