کەسوکاری قوتابییانی نوعمانییە: کەرەڤانە قوتابییانی ئێمەی وێرانکردووە

قوتابیانی شارۆچکەی نوعمانیە لە پارێزگای واست، بەهۆی گواستنەوەیان بۆ باڵەخانەیەکی کۆن و مەترسیدار، رووبەڕووی کێشەی تەندروستی و سەلامەتی بوونەتەوە و کەسوکاریان داوای چارەسەری بەپەلە دەکەن.

قوتابییەکان کە پێشتر لە ناو کەرەڤانەدا دەیانخوێند، ئێستا گواستراونەتەوە بۆ باڵەخانەیەک کە بەگوتەی کەسوکاریان 75%ـی وێران بووە و مەترسی رووخانی لەسەرە. ئەم دۆخە ترس و دوودڵییەکی زۆری بۆ خێزانەکان دروستکردووە، بەتایبەت کە باڵەخانەکە دەرگا و پەنجەرەی نەماوە.

شەلال جەبر، کە یەکێکە لە کەسوکاری قوتابییەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند: قوتابخانەی جەزیرە پێشتر لە کەرەڤانەدا بوو، ئێستا هێنراوەتە ئێرە کە 75%ـی بێکەڵک بوو. جەبر داوای لە پارێزگار و بەڕێوەبەری پەروەردە کرد بە ئەرکی خۆیان هەستن و قوتابخانەکە تەواو بکەن.

بەشێکی دیکە لە کەسوکاری قوتابییەکان رایانگەیاند، ئیدارەی خۆجێی بڕیاریداوە قوتابخانەکە بگوازێتەوە بۆ شوێنێک کە 15 کیلۆمەتر لە ناوچەکەیانەوە دوورە. ئەوان ئەم بژاردەیە رەت دەکەنەوە، چونکە منداڵی شەش و حەوت ساڵ توانای بڕینی ئەو رێگە دوورەیان نییە.

حەلیم علێوی، کەسوکاری قوتابییەکی دیکەیە و گوتی: دەیانەوێت قوتابخانەکەمان لاببەن و بیگوازنەوە بۆ قوتابخانەی سەڵاحەددین کە 15 کیلۆمەتر دوورە، منداڵ توانای بڕینی رێگەیەکی لەو شێوەیەی نییە. علێوی گوتیشی، سەگی بەرەڵا هەیە پەلاماریان دەدەن و پێویستە لێپرسینەوە لەو بەڵێندەرانە بکرێت کە لە ساڵی 2021ـەوە پڕۆژەی قوتابخانەکەیان تەواو نەکردووە.

لەلایەکی دیکەوە زێدان خەلیل، یەکێکی دیکە لە کەسوکاری قوتابییەکان دەڵێت: ماوەیەکی زۆرە قوتابییەکانمان لە کەرەڤانەکان دەخوێنن و ئەوەش کاریگەری خراپی لەسەر ئەوان هەبووە. ئەو قوتابخانەیەی ئێمە تەنیا چەند شتێکی کەمی ماوە لەوانە پەنجەرە و دەرگا، بۆیە داوا لە پارێزگاری واست و سەرۆکوەزیران دەکەین رێگری لەو کێشەیە بکەن.

کەسوکاری قوتابییان چاوەڕوانی چارەسەرێکی بەپەلەن بۆ ئەوەی قوتابخانەیەکی گونجاو بۆ منداڵەکانیان دابین بکرێت تا بتوانن بە باشی درێژە بە خوێندن بدەن.