800 ئامێری راکێشانی پارە لە هەرێمی کوردستان دانراون
تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2026، دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ) بە شێوازی دیجیتاڵی لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بڕیارە تاوەکو رۆژی چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەم، بەردەوام بێت.
تیمەکە ئاماژەی بەوە داوە، تێکڕای ژمارەی سوودمەندانی تۆمارکراو لە پڕۆژەکە گەیشتووەتە 1.14 ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر. هاوکات 1.07 ملیۆن کارت دابەشکراون، لە ئێستاشدا 1.02 ملیۆن سوودمەند مووچەکانیان راستەوخۆ لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە وەردەگرن.
بۆ ئاسانکاریی راکێشانی پارە، تیمەکە ئەوەی خستەڕوو، نزیکەی 800 ئامێری راکێشانی پارە (ATM) لە زیاتر لە 200 شوێنی جیاواز دانراون. بەپێی ئامارەکانیش دابەشبوونی مووچەخۆران بەسەر پارێزگاکاندا بەم شێوەیەیە: 422 هەزار لە هەولێر، 372 هەزار لە سلێمانی، 197 هەزار لە دهۆک و 25 هەزار سوودمەندیش لە پارێزگای هەڵەبجە.
سەبارەت بە پۆلێنکردنی جۆری سوودمەندان، تیمەکە باسی لەوە کردووە، 400 هەزار فەرمانبەری مەدەنی، 238 هەزار پێشمەرگە و ئاسایش، 313 هەزار خانەنشین لەگەڵ 65 هەزار خێزانی شەهید مووچەکانیان لە رێگەی ئەم سیستەمەوە وەردەگرن.
تیمەکە رایگەیاندووە، رێژەی پێدانی مووچە بە دیجیتاڵی لە مانگەکانی رابردوودا بەردەوام رووی لە زیادبوون کردووە، بە جۆرێک لە مانگی حوزەیران 836 هەزار، لە تەممووز 922 هەزار، لە ئاب 1,001,000 و لە مانگی ئەیلوولیشدا 1,016,000 مووچەخۆر مووچەیان بە دیجیتاڵی وەرگرتووە. داواش لە فەرمانبەران دەکات بۆ هەر کێشە و پرسیارێک پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزارییەوە بکەن لە رێگەی ژمارەی 1991.
پڕۆژەی "هەژماری من"، یەکێکە لە دەستپێشخەرییە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی بانکی و پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان. پڕۆژەکە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیەنراوە و ئامانج لێی کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە مامەڵەی کاش و فراوانکردنی خزمەتگوزارییە داراییەکانە لە نێو هاووڵاتییاندا.
لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە مووچەخۆران دەتوانن بە ئاسانی لە ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) مووچەکانیان وەربگرن، یان پارەکانیان لە نێو هەژمارە بانکییەکانیاندا بهێڵنەوە بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە رێگەی ئامێرەکانی پارەدانەوە بەکاریبهێنن. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانی حکوومەت بۆ برەودان بە شەفافیەت و چاکسازیی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستاش بەردەوامە لە فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی بۆ سەرجەم ناوچەکان.