بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانی کەرکووک فۆرمی خوێندنی 428 قوتابی کارادەکات
بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکووک رایگەیاند، دەزگای شەهیدان و ئەنفالکراوان لە کەرکووک توانیویەتی 428 فۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ خوێندکارانی کەسوکاری شەهیدان کارا بکات، ئەوەش بۆ مەبەستی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی عێراق بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هێرۆ شێخ عومەر، بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکووک، گوتی: "بە هەوڵی هەموو لایەک توانیمان 428 فۆڕمی ئەلیکترۆنی بۆ قوتابیان بۆ ساڵی 2026-2027 کارا بکەین. پیرۆزبایی لە قوتابیان دەکەم و هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم."
سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو پرۆسەیە، بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکووک روونیکردەوە، یەکەم ئاستەنگ نەبوونی پەسندکردنی نووسراوەکان بووە. لەمبارەیەوە گوتی: "پەیوەندیمان بە نوێنەرانمانەوە لە بەغدا کرد، ئەوانیش پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو بابەتە دەربڕی، هەر بۆیە توانییان هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی شەهیدان، نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانی کەرکووک و ئێمەدا دروست بکەن."
روونیشیکردەوە، چاودێری وردی پرۆسەی پەسندکردنی نووسراوەکان کراوە و سوپاسی وەزارەتی شەهیدانی کرد کە بە گوتەی ئەو، دوای دەوامی فەرمیی خۆیان کاریان بۆ وردبینیکردنی لیستەکان و چاپکردنیان کردووە تاوەکو بە شێوەیەکی رێکوپێک گەڕاوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانی کەرکووک.
سەبارەت بە ئاستەنگی دووەم، هێرۆ شێخ عومەر ئاشکرایکرد، تەنیا یەک رۆژ بۆ کاراکردنی فۆڕمەکان مابوو، لە کاتێکدا هێشتا ژمارەیەک لە هاووڵاتییان مامەڵەکانیان تەواو نەکردبوو. لەم بارەیەوە رایگەیاند: "پەیوەندیمان بە قایمقامی کەرکووکەوە کرد و یاداشتنامەیەکمان پێشکەش کرد بۆ ئەوەی ماوەی کاراکردنی فۆڕمەکان درێژ بکرێتەوە، ئەویش بەڵێنی ئەوەی پێداین کە هەرچی لە توانایدا بێت دەیکات، سەرەنجامیش کاتەکە درێژ کرایەوە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، هێرۆ شێخ عومەر، بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکووک، سوپاسی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی شەهیدان و ئەو میدیایانەی کرد کە لە چارەسەرکردنی گرفتەکاندا هاوکار بوون.