لە یەک شەو دوو یاریزانی ریاڵ مەدرید بەهۆی قژ راکێشان سزادران

ئاسینا دێ کاستیلۆ - ڤینیسیۆس جونیۆر
ئاسینا دێ کاستیلۆ - ڤینیسیۆس جونیۆر

شەوی 10ـی ئۆکتۆبەری 2026 بۆ یاریزانانی یانەی ریاڵ مەدرید شەوێکی شووم بوو، لەبەر ئەوەی لەم شەوە دوو یاریزانی ئەو یانەیە ڤینیسیۆس جونیۆر و هەروەها ئاسینا دێ کاستیلۆ بەهۆی قژ راکێشانی یاریزانی بەرامبەریان، بە کارتی سوور لە یارییەکان دەرکراون.

لە یاری نێوان هەردوو یانەی ریاڵ مەدرید و ڤیاریاڵ لە گەڕی نۆیەمی خولی ئیسپانیا، ناوبژیوانی یارییەکە لە خولەکی 72 ڤینیسیۆس جونیۆر هێرشبەری ئەو یانەیە بە کارتی سوور لە یارییەکە دەردەکات، بەهۆی ئەوەی یاریزانە بەڕازیلیەکەی مێرنگی قژی یاریزانێکی بەرامبەر رادەکێشیت، ئەمەش لە یاسای تۆپی پێی کارتی سووری راستەوخۆیە.

لە هەمان شەو بەڵام لە یارییەکی جیاواز یاریزانێکی دیکەی یانەی ریاڵ مەدرید، بەهۆی قژ راکێشانی یاریزانێکی بەرامبەر ئەویش بە کارتی سوور لە یارییەکە دەردەکرێت. لە یارییە دۆستانەکەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی خانمانی ئەمریکا و ئیسپانیا، ئاسینا دێ کاستیلۆ خانمە یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە خولەکی 88 دێتە ناو یاریگا بەڵام تەنها دوای دوو خولەک، بە کارتی سوور لە یارییەکە دەردەکرێت، ئەویش بەهۆی راکێشانی قژی یاریزانێکی بەرامبەر.