مۆزەخانەیەک لە کرێند؛ شوێنێک دارە وشکبووەکانی تێدا دەکرێنە شاکاری هونەری
تێکەڵاوکردنی هونەر و ژینگەپارێزی؛ رەنجی خێزانێک لە مۆزەخانەیەکی کەلەپووریی کرێندا
بە پێچەوانەی مۆزەخانە باوەکان کە تەنیا شوێنەوار و کەرەستە دێرینەکانی سەردەمانی رابردوو نمایش دەکەن، "مۆزەخانەی هونەر و سروشت" لە شاری کرێندی سەر بە پارێزگای کرماشان چەمکی مۆزەخانەگەریی گۆڕیوە و لە رێگەی تاشین و بەکارهێنانەوەی دارە کەوتوو و وشکبووەکانی نێو سروشت، پەیامێکی هۆشیاریی قووڵی بۆ پاراستنی ژینگە و نەبڕینەوەی دارە زیندووەکان خستووەتە ڕوو.
کاتێک باس لە مۆزەخانە دەکرێت، زۆرجار هزر و تێڕوانینی گشتی بەرەو گۆزەی کۆن، کەلوپەلی مسی و پاشماوە شوێنەوارییەکانی سەدان ساڵ لەمەوبەر دەڕوات؛ بەڵام لە شاری کرێند لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، "مۆزەخانەی هونەر و سروشت" ئەم هاوکێشە باوەی گۆڕیوە و دیدگەیەکی تەواو نوێی هێناوەتە کایەوە.
ئەم مۆزەخانەیە، کە لە ساڵی 2023 بە مۆڵەتی فەرمی دەرگاکانی واڵا کرد، ئامانجی سەرەکیی تەنیا کۆکردنەوە و پاراستنی کەلوپەلی دێرین نییە، بەڵکوو گەیاندنی پەیامێکی ژینگەیی و مرۆییە، ئەویش بریتتیە لە: رێزگرتن لە سروشت، دەستکارینەکردنی دارە سەوز و زیندووەکان و، بەخشینەوەی ژیانێکی نوێ بەو دار، چڵ و قەدانەی کە لە نێو سروشتدا وشک بوون و کەوتوونەتە سەر زەوی.
سەرجەم ئەو پەیکەر و تابلۆ دارینانەی لە ناو مۆزەخانەکەدا نمایش کراون، بەرهەمی دەستڕەنگینیی هونەرمەند و داهێنەری مۆزەخانەکەن؛ کە بە لێهاتووییەوە فۆڕمی باڵندە، ئاژەڵ و نەخشە جۆراوجۆرەکانی سروشتی بەو دارە فەرامۆشکراوانە بەخشیوە.
تایبەتمەندیی دیاری ئەم ناوەندە لەوەدایە کە لە بری شوێنەواری سەردەمانی رابردوو، گیانی بە بەر رەگەزە وشکبووەکانی ژینگەدا کردووەتەوە. هەرچەندە شوێنی مۆزەخانەکە خۆی لە بنەڕەتدا خانوویەکی دێرین و کەلەپوورییە، بەڵام ناوەڕۆک و فەلسەفەکەی گوزارشت لە هونەرێکی هاوچەرخ و ژینگەدۆست دەکات، کە بە رەنج و هاوکاریی هاوبەشی ئەندامانی خێزانێک دامەزراوە و بەڕێوە دەبرێت.
مۆزەخانەی هونەر و سروشتی کرێند ئەوەی سەلماند کە مۆزەخانە لە سەردەمی ئەمڕۆدا تەنیا کۆگای رابردوو نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە پردێکی زیندوو بۆ پاراستنی ژینگەی ئێستا و داهاتوو؛ شوێنێک کە تێیدا دارە بێگیانەکان بە دەستی هونەر لە لەناوچوون رزگار دەکرێن و دەبنە گێڕەرەوەی چیرۆکی پاراستنی سروشت.