ئیسرائیل هەڕەشەی تیرۆرکردنی خەلیل حەییە دەکات و حەماسیش سەرکۆنەی دەکات

 وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی تیرۆرکردنی خەلیل حەییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی کرد، لە بەرامبەریشدا حەماس ئەو هەڕەشانەی بە "تیرۆری نێودەوڵەتی" ناوبرد و داوای دەستوەردانی نێوەندگیرەکان دەکات.

یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی: "ئێمە سەرکردەکانی حەماسمان لە غەززە لەناوبرد، و سەرەی خەلیل حەییەش دێت و رەوانەی دەکەین بۆ قووڵایی دۆزەخ تا بگاتە لای ئیسماعیل هەنییە و هاوڕێکانی."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، رەخنەی لە حکوومەتی تورکیا و بە تایبەت رەجەب تەیب ئەردۆغان گرت و رایگەیاندووە، "تورکیا بەردەوامە لە راخستنی فەرشی سوور بۆ بکوژانی حەماس و پشتیوانیکردنی ئەو چالاکییە تیرۆریستییانەی لە خاکی تورکیاوە، بە هاوکاریی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین دژ بە ئیسرائیل و وڵاتە گرنگە ئیسلامییەکانی ناوچەکە ئەنجامی دەدەن."

لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا بە توندی هەڕەشەکانی وەزیری بەرگریی ئیسرائیلی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، ئەم هەڵوێستە "تیرۆری نێودەوڵەتییە و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە."

حەماس جەختی لەوەشکردەوە، هەڕەشەی تیرۆرکردن هەڵوێست و رێبازی بزووتنەوەکەیان ناگۆڕێت، بەڵکو زیاتر پێداگیر دەبن لەسەر مافەکانی گەلی فەلەستین. هاوکات داوای لە نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان کرد کە ئەو لێدوانانە شەرمەزار بکەن و هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە وەربگرن، تا گوشار بخرێتە سەر حکوومەتی ئیسرائیل بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنی ئاگربەست و پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

خەلیل حەییە لە مانگی تەمموزی رابردوودا وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس هەڵبژێردرا. حەییە لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی بزووتنەوەکە لەوانە خالید مەشعەل، لە مانگی ئەیلوولی 2025 لە هەوڵێکی تیرۆرکردنی ئیسرائیل لە قەتەر رزگاریانبوو، کە لەو هێرشەدا یەکێک لە کوڕەکانی و بەڕێوەبەری نووسینگەکەی گیانیان لەدەست دا.