مالیکی: دەستکاریکردنی نرخی دۆلار نابێت ببێتە بارگرانی بۆ سەر شانی هاووڵاتییان

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکدا سەبارەت بە مشتومڕی گەرمی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لە عێراق رایگەیاند، سەرکەوتنی هەر دەستکارییەکی نرخی دراو بەستراوەتەوە بە توانای حکوومەت بۆ پاراستنی بژێوی و هێزی کڕینی هاووڵاتییان. ئاشکرای کرد، حکوومەت سەرقاڵی ئامادەکردنی رێکاری پێویستە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی خەڵک، هاوکات داوای کرد ئەم بابەتە نەکرێتە هۆی نانەوەی دڵەڕاوکێ لە بازاڕدا.

یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، ئاماژەی بەوە کرد، شارەزایانی بواری ئابووری لە عێراق دابەشبوون بەسەر دوو بەرەی لایەنگر و دژبەری بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار، کە بنەمای سەرەکیی هەردوو بۆچوونەکەش پەیوەستە بە خەمخۆری بۆ توانای کڕین و بژێویی رۆژانەی هاووڵاتییان.

سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق روونی کردەوە، دەستکاریکردنی نرخی دراوی نیشتمانی رێکارێکە لەو دەوڵەتانەدا پێڕەو دەکرێت کە تووشی قەیرانی دارایی دەبن، بەڵام جەختی کردەوە: سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە بەستراوەتەوە بە توانای حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتە نەرێنییەکان، پاراستنی داهاتی خەڵک و سنووردارکردنی کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر بازاڕ.

نووری مالیکی ئاشکرای کرد، بەغدا بڕیاری داوە رێگری لە گرانبوونی شتومەک بکات و نووسیویەتی: "ئێمە دەزانین کە حکوومەت لە ئامادەکاریدایە بۆ گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێکار و میکانیزمی روون، بە مەبەستی پاراستنی داهاتی هاووڵاتییان و هێزی کڕینیان، هاوکات مسۆگەرکردنی سەقامگیریی بازاڕ و بەردەوامیی جووڵەی ئابووری، بە شێوەیەک رێگری بکرێت لەوەی باجی ئەم چارەسەرە ئابوورییانە بکەوێتە سەر شانی هاووڵاتییان."

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا هۆشداریی دا، نابێت ئەم بابەتە بکرێتە بیانوویەک بۆ دروستکردنی شڵەژان، ترس و تێکدانی کەشوهەوای ئابووری؛ هاوکات داوای کرد حکوومەت پەلە بکات لە راگەیاندنی ئەو ڕێکار و بژاردانەی کە بە تەواوی داهاتی تاک و ئاستی بژێوی دەپارێزن، بە جۆرێک بەرژەوەندیی گشتی پارێزراو بێت و ئارامیی دارایی بێتە کایەوە.

رۆژی پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتارێکی پێشکەش کرد و لەبارەی بەڕێوەبردنی دۆخی دارایی و دابینکردنی مووچە رایگەیاندبوو: لەبەردەم سێ بژاردەی سەختدا بووین، یەکەمیان، پەنابردن بوو بۆ پاشەکەوتی زۆرەملێ و هێشتنەوەی فەرمانبەر لەناو بەڵێنی بێکرداردا. دووەمیان، دابەشکردنی مووچە بوو لە هەر 45 رۆژ جارێکدا، بژاردەی سێیەمیش ئەوە بوو بچینە ژێر باری قەرزکردن و نقومکردنی وڵات لە قەرزدا، لە کاتێکدا عێراق خۆی لە بنەڕەتدا بەدەست بارگرانیی قەرزە کەڵەکەبووەکانەوە دەناڵێنێت.

رۆژی چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فرۆشتنی یەک دۆلاری بۆ هاووڵاتیان بە 1520 دینار دیاری کرد.

بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، بەهای نوێی دۆلار بەم شێوەیەی خوارەوە دیاریکراوە:

یەکەم، نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی 1,500 دینارە.

دووەم، نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان 1,510 دینار دیاریکراوە.

سێیەم، نرخی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکانەوە بۆ سوودمەندی کۆتایی 1,520 دینارە.

حامید نەعیم غازی، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026 دەست پێدەکات.