دهۆک؛ دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی ساڵی 2025ـی جووتیاران دەکرێت
دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، قۆناخێکی نوێی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ساڵی 2025ـی جووتیاران لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکرد.
یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، نازم محەمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاند: قۆناغی هەشتەمی دابەشکردنی چەکی شایستەی ئەو جووتیارانە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە لە 26ـی حوزەیران تا 7ـی تەممووزی 2025 گەنمەکانیان رادەستی سایلۆکان کردبوو.
بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک، ئاماژەی بەوە کرد، بڕیار لەسەر خەرجکردنی یەکەم وەجبەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2026ـیش دراوە، لەو بڕە چوار ملیار و 780 ملیۆن دینار بۆ جووتیارانی پارێزگای دهۆکە.
باسی لەوەش کرد، هەر کاتێک یەکەم وەجبەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2026، خرایە سەر هەژماری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دهۆک، ئێمەش دەست بە دابەشکردنی دەکەین.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێنجشەممە، 08ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیار لەسەر خەرجکردنی وەجبەی نۆیەم و کۆتایی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2025 دراوە، کە بڕەکەی حەوت ملیار و 736 ملیۆن و 857 هەزار دینارە.
ساڵانە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەرهەمی گەنمەکانیان رادەستی سایلۆکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی دەکەن و لە بەرانبەردا شایستەی داراییان پێ دەدرێت. پرۆسەی پێدانی پارەی جووتیاران زۆرجار بە چەند قۆناخ و "وجبە"ـیەکی جیاواز دابەش دەکرێت، ئەمەش بەپێی ئەو بودجە و نەختینەیەی لەبەردەستدایە.