تاران بۆ واشنتن: داڕمانی ئابووری بە بەیاننامەی سیاسی بەدی نایەت
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر لێدوانەکانی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینییەکانی واشنتن بۆ داڕمانی ئابووریی وڵاتەکەی شکستیان هێناوە، و جەختیکردەوە کردەوە راستییە ئابوورییەکان بە پێوەر و داتای ورد دەپێورێن نەک بە هەڵوێستی سیاسی.
یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026 ، لە وەڵامی لێدوانەکانی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، عەبدولناسر هیمەتی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ بەپێی بەڵێنەکەی بیسێنت، دوایین رۆژی ئەو وادە دوو هەفتەییە بوو بۆ داڕمانی ئابووریی ئێران دیاریی کردبوو، بەڵام "بێسێنت لە جیاتی ئەوەی باسی ئەنجامی وادە دوو هەفتەییەکەی بکات، هاتووە باسی چاپکردنی پارە لە ئێران دەکات."
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران روونیکردەوە، دۆخی ئابووری بە پێوەری دیاریکراو هەڵدەسەنگێنرێت و لەم بارەیەوە گوتی: "دوایین ئامارەکانی بانکی ناوەندی دەریدەخەن گەشەی نەختینەی 12 مانگی رابردوو لە 56.4% بۆ 51.6% دابەزیوە، ئەمەش بە واتای 4.8 خاڵ کەمبوونەوەیە لە ماوەی سێ مانگدا."
هیمەتی رایگەیاند، بەهۆی دەستوەردانی بانکی ناوەندی لە بازاڕی دراودا، رەوتی بەرزبوونەوەی نرخی دراوی بیانی راگیراوە و رووی لە دابەزین کردووە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی بانکی ناوەندی جەختی لەوە کردەوە، بوونی گوشاری ئابووری راستییەکە و هاووڵاتییان هەستی پێدەکەن، بەڵام "داڕمانی ئابووری نە بە گەمارۆ و هەڕەشە دەسەلمێنرێت و نە بە بەیاننامەی سیاسی بەدی دێت."
ئەم لێدوانەی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران دوای ئەوە هات، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "فۆکس ئەند فرێندز" لە کەناڵی فۆکس نیوز، سەرنجی خستە سەر شکستی ستراتیژیی ئێران لە کەنداو و گوتی: با بە تەواوی روون بین، گەورەترین دۆڕاو لەم کێشمەکێشەدا ئێرانە. ئەوان هەوڵیان دا گەرووی هورمز بکەنە خاڵێکی گوشار و بیخنکێنن، بەڵام بۆیان نەچووە سەر، هەروەها هەوڵیان دا نرخی دیزڵ لە جیهاندا بەرز بکەنەوە، بەڵام لەوێشدا هیچیان دەستنەکەوت و بە دەستبەتاڵی دەرچوون."
بێسێنت ئاماژەی بە قەیرانی سەختی دارایی تاران کرد و رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران تەنانەت لە توانایاندا نەماوە مووچەی سەربازەکانیان بدەن: "ئێران لەژێر بارێکی قورسی داڕماندایە. بەردەوامبوونی ئەم گەمارۆیە بۆ ماوەی دوو تا چوار مانگی دیکە ئێران دەهێنێتە سەر ئەژنۆ. کەس نازانێت کۆتایی ئەم دۆخە چی دەبێت، رەنگە تاران وەک 'دیواری بەرلین' بە شەو و رۆژێک لەپڕ بڕووخێت، جا چ لە رێگەی راپەڕینی خەڵکەوە بێت، یان بەریەککەوتنی باڵەکانی نێو سوپای پاسداران، یاخود بە ناچاری بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەیان ببن."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا راشیگەیاند: ئێستا هیچ نەوتێکی ئێران لەسەر ئاو نەماوە و هەناردەکەیان گەیشتووەتە سفر، تەنانەت داهاتی کاشی نەوتیان بووەتە نەرێنی. هاوکات تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێرانمان بۆ جیهان بڕیوە و لە دەرەوە دابڕاون."
بێسێنت سەرنجی خستە سەر ئەوەی ئەم گەمارۆیانە راستەوخۆ دەستەبژێری دەسەڵاتداری تاران دەپێکێت و بە تەنزەوە گوتی: "ئەگەر سەرکردەکانی ئێران هێندە وڵاتی خۆیان خۆشدەوێت، پیرۆزیان بێت، دەبێت هەر لەوێ بمێننەوە. ئەم هەنگاوە دەستەبژێری دەسەڵاتدار ئیفلیج دەکات، ئیتر ناتوانن بۆ بینینی کەسوکاریان سەردانی لەندەن بکەن، ناتوانن کات لە پاریس بەسەرببەن و دەستیان ناگاتەوە بەو پارانەی لە سویسرا هەیانبوو. ئەوان بە تەواوی لە جیهان دابڕێنراون."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئابووریی ناوخۆی ئێران لە لێواری تەقینەوەدایە، کرێکاران ناچنە سەر کارەکانیان و تاران بەهۆی نەبوونی دۆلارەوە دەستی کردووە بە چاپکردنی بێسەروبەری دراو: تەنیا 18 مانگ لەمەوبەر، نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی 600 هەزار ریاڵ بوو، کەچی ئێستا بەهای دراوەکەیان داڕماوە بۆ 2.8 ملیۆن ریاڵ بەرامبەر یەک دۆلار، ئەم داڕمانە وایکردووە تەنانەت ناتوانن مووچەی سەرباز و هێزە چەکدارەکانیشیان دابین بکەن.