سوپای پاسداران: ئێمە ئامادەین و چاوەڕێین

 لە پەیامێکی هۆشداریدا، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران بە وەبیرهێنانەوەی چەندان رووداوی مێژوویی نێوان ئیمپراتۆریەتە دێرینەکانی ئێران و رۆما رایگەیاند، رۆژئاوا لە شەڕی کۆتاییدا بە شکست و شەرمەزارییەوە روو لە "کەنداوی بەرازەکان" دەکاتەوە.

یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، حوسێن موحیبی، یاریدەدەری پەیوەندییە گشتییەکان و گوتەبێژی سوپای پاسداران، لە راگەیەندراوێکدا، بەراوردی ململانێکانی ئێستای لەگەڵ شەڕە دێرینەکانی مێژوو کرد و رایگەیاند: "لە شەڕی حەراندا، سوپای کراسۆس بە دەستی پیاوانی ئەشکانی لەناوچوو، لە شەڕی ئێدێساشدا، لەشکری ڤالێریان بە دیلی کەوتە دەست دلێرانی ساسانی."

گوتەبێژی سوپای پاسداران لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە رووبەڕووبوونەوەکانی کەنداوی فارس کرد و نووسیوێتی: "لە شەڕی رەمەزاندا، لەشکرەکانی ئێپستین لە کەنداوی فارس بە دەسەڵاتی جەنگاوەرانی ئێرانی ئیسلامی شەمەزار کران، و لە شەڕی کۆتاییشدا، شارستانیەتی رۆژئاوایی بە شەرمەزاری و زەبوونییەوە دەگەڕێتەوە بۆ کەنداوی بەرازەکان."

موحیبی پەیامەکەی بە دروشمی "ئێمە چاوەڕێین..." کۆتایی پێهێناوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەباشیی سەربازیی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەکەدا لێکدەدرێتەوە.