سعوودیە و ئێران تاوتوێی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە دەکەن

وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە و ئێران، دواهەمین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و ئەو هەوڵانەی کە بۆ کۆنترۆڵکردن و هێورکردنەوەی بارودۆخەکە لە ئارادان تاوتوێ کرد.

یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەیسەڵ بن فەرحان بن عەبدوڵڵا، وەزیری دەرەوەی سعوودیە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێ گەیشت، هەردوولا پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەکە و ئاستەنگە ئەمنییەکانیان تاوتوێ کرد.

بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، هەردوو وەزیر باسیان لەو هەوڵانە کردووە کە لە پێناو چارەکردنی قەیران و کۆنترۆڵکردنی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە خراونەتە گەڕ، ئەوەش لە چوارچێوەی بەردەوامیی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییە هاوبەشەکاندا بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە ئاڵۆزی و ململانێی زیاتر.

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، عێراقچی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردن لە پێناو دەستپێکردنی گفتوگۆ لە نێوان سعوودیە و یەمەندا نیشان داوە.

وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، وەزیری دەرەوەی ئێران نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە هەڵکشانی گرژییەکان لە ناوچەکە دەربڕیوە و جەختی کردووەتەوە کە قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هیچ جۆرێک چارەسەری سەربازییان نییە.

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای ئەوەی هات، ماوەی دوو رۆژە حووسییەکان لە رێگەی هەڵدانی مووشکەوە، چەندین جار فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالیدیان لە ریاز بۆردومان کردووە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 12 کەس و برینداربوونی 309 کەسی دیکە.