ئێران مەرجی نوێ بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز رادەگەیەنێت

 یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی رایگەیاند، تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان بەبێ هەماهەنگی لە گەرووی هورمز قەدەغەیە. هاوکات روونیکردەوە، کردنەوەی گەرووەکە پەیوەستە بە پابەندبوونی ئەمریکا بە ئەرکەکانی و جەختیکردەوە، رێوشوێنەکانی ئێران بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی واشنتن دەگاتە ئەو دەرەنجامەی چارەسەری سەربازی کارێکی هەڵەیە.

دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، کازم غەریبئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی رایگەیاند، "گەرووی هورمز هێڵێکی سوورە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی و ئامرازێکی بەرگریی ئێرانە."هاوکات گوتیشی، سنووردارکردنی هاتوچۆ لە گەرووەکەدا وەڵامێک بووە بۆ هێرشە سەربازییەکان و پێویستە وڵاتانی دیکە بەدوای سەرچاوەی کێشەکەدا بگەڕێن. هەروەها جەختیکردەوە، تێپەڕبوونی هەموو کەشتییە جەنگییەکان بە شێوەیەکی یەکجاری قەدەغەیە.

 یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی روونیکردەوە، "رێککەوتن لەگەڵ عومان بە مانای کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز نییە." گوتیشی، لایەنی ئەمریکی تێبینییەکانی سەبارەت بە حەوت مەرجەکەی ئێران خستووەتەڕوو و لە رێگەی نێوەندگیری قەتەرەوە پێیان راگەیاندووە، ئێران لە قۆناخی تاوتوێکردنی تێبینییەکاندایە.

کازم غەریبئابادی گوتی، "شەڕی رەمەزان هێمایەکی توانای ئێران بوو و دوژمن بەهۆی یەکگرتوویی و توانا بەرگرییەکان شکستی هێنا." هاوکات رایگەیاند، پێشکەشکردنی زیاتر لە 100 یاداشتی دیپلۆماسی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەو هێرشە سەربازییەی کرایە سەر وڵاتەکەی.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، رۆڵی وڵاتانی دراوسێ لەو هێرشەدا بە تەواوی بەڵگەنامەی بۆ کراوە. عەبدولغەریبئابادی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووپاتیکردەوە، ئاسایشی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە بەیەکەوە گرێدراون و هیوای خواست هیچ وڵاتێک خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لەبەردەستی هێرشبەراندا دانەنێت.