بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر جەخت لە هۆشیاریی تەندروستیی ئافرەتان دەکاتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، شێرپەنجە کێشەیەکی جیهانییە و تەنیا تایبەت بە کات و شوێنێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو لە جیهانی نوێدا یەکێکە لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی تەندروستی، بەتایبەت لە وڵاتانی رۆژئاوا.

هاوکات لە کۆنفرانسی لووتکەی تەندروستیی شێرپەنجەی مەمکدا، دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر گوتی: "مانگی ئۆکتۆبەر بە مانگی پەمەیی ناسراوە و ئامانجمان لەم مانگەدا بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستیی هاووڵاتییان و بەتایبەت ئافرەتانە لەسەر ئاستی جیهان."

دلۆڤان محەمەد روونیکردەوە، پەیامی ئەوان تەنیا سنووردارکردنی ئەم پرسە نییە بە مانگی ئۆکتۆبەرەوە، بەڵکو هەوڵدەدەن لە درێژایی ساڵدا خزمەتی ئەو ئافرەتانە بکەن کە پێویستییان بە دەزگا تەندروستییەکانە.

لە کۆتاییدا بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر جەختیکردەوە، ئامانجیان فەراهەمکردنی باشترین خزمەتگوزاریی پشکنین، دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنە بۆ تووشبووان.