سبەی نرخی بەنزینی موحەسەن و سوپەر لە هەولێر تاوتوێ دەکرێت
دوای بەدواداچوونێکی کوردستان24 سەبارەت بە جیاوازیی نرخی بەنزینی موحەسەن و سوپەر، بڕیارە کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و خاوەن بەنزینخانەکانی هەولێر بەڕێوەبچێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە.
دوای ئەوەی کوردستان24 راپۆرتێکی لەسەر نرخی بەنزینی جۆرەکانی موحەسەن و سوپەر بڵاوکردەوە و تیشکی خستە سەر جیاوازییەکی زۆری نرخەکان لە نێوان بازاڕ و بەنزینخانەکاندا، لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە هاتنە سەر هێڵ؛ سەرپەرشتیاری دەستەی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵەی بەنزینخانەکانی شارەکە کۆبووەوە.
لەو دانیشتنەدا بڕیار درا، سبەی سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی پشکنینی نەوت و کانزاکان و کۆمەڵەی بەنزینخانەکان لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەن بەنزینخانەکانی شاری هەولێر کۆببنەوە.
بەرپرسێکی پەیوەندیدار بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامانجی دانیشتنەکەی سبەی بریتییە لە گفتوگۆکردن لەسەر نرخی هەردوو جۆری بەنزینەکە و کەمکردنەوەی ئەو جیاوازییەی لە نێوان بازاڕ و بەنزینخانەکاندا دروست بووە، بۆ ئەوەی بگەینە ئاکامێکی گونجاو و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا بێت.