عەگید پێروانی گۆرانیی 'چۆخ جانۆی بڵاوکردەوە
عەگید پێروانی، گۆرانیبێژی کورد، بەرهەمی فۆلکلۆری "چۆخ جانۆ"، بە ستایلێکی نوێ و سەردەمیانە بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە.
یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2026، عەگید پیروانی، گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "شیعر و ئاوازی بەرهەمەکە فۆلکلۆرییە و من بۆ نوێکردنەوەی، کاری موزیک، تێکەڵکردن و رێکخستنی بەرهەمەکەم ئەنجام داوە، کاری ڤیدیۆ کلیپ و دەرهێنانی بەرهەمەکەم لەلایەن بەرهەمهێنانی گارە ئەنجام دراوە."
عەگید پێروانی باس لە بیرۆکەی بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکە دەکات و دەڵێت، "بیرۆکەی بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم بەرهەمە لە رابردوودا بە دەنگی باوکم، هونەرمەند خالید ئەحمەد پێروانی، گوێم لێ گرتووە، بەهۆی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ ئەم بەرهەمە کۆنەدا هەمە، بڕیارم دا جارێکی دیکە بە شێوازێکی نوێ و گونجاو لەگەڵ ستایلی موزیکی سەردەم پێشکەشی بکەم."
ئەو گۆرانیبێژە باسی لەوەش کرد، "ئەم هەوڵەی من نموونەیەکە لەو کارانەی کە هونەرمەندانی ئەمڕۆ لە رێگەیانەوە هەوڵ دەدەن بەرهەمە فۆلکلۆرییە کۆنەکان زیندوو بهێڵنەوە و بە رێکخستن و ستایلی نوێ، جارێکی دیکە بیانخەنە بەردەم گوێگرانی موزیکی کوردی، بەبێ ئەوەی پەیوەندییان بە رەگی فۆلکلۆریی خۆیانەوە ببڕێت."
عەگید پێروانی، گۆرانیبێژی کورد، تەمەنی 28 ساڵە و دانیشتووی هەولێرە. نزیکەی 10 ساڵە لە بواری هونەردا چالاکی دەکات و لەم ماوەیەدا توانیویەتی لە چەند ئامێرێکی موزیکییدا شارەزایی بەدەست بهێنێت، بریتین لە گیتار، ساز، پیانۆ و عوود. ناوبراو پێنج ساڵە ستۆدیۆی تایبەتی خۆی دامەزراندووە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاری لەسەر دروستکردنی موزیک، شیعر و ئاوازەکان دەکات. تا ئێستا خاوەنی چوار بەرهەمی موزیکییە بە ناوەکانی سەیرم کە، نیگا، مەست و من و تۆ.