زەیدی داوا لە کۆمپانیا جیهانییەکان دەکات وەبەرهێنان لە فڕۆکەخانەی مووسڵ بکەن

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە شاری مووسڵەوە داوای لە کۆمپانیا جیهانییەکان کرد وەبەرهێنان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شارەکەدا بکەن و سەرپەرشتیی بەڕێوەبردنی بگرنە ئەستۆ، لە هەمان کاتدا دەستپێکردنی کارەکانی پرۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوونی راگەیاند.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی شاری مووسڵی کرد بۆ راگەیاندنی دەستپێکی جێبەجێکردنی پرۆژەی "یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون" و لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ پرۆژە خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەکان کردووە، بەتایبەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ.

لە میانی سەردانەکەیدا بۆ مووسڵ، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، بە فەرمی بانگهێشتیان ئاراستەی کۆمپانیا جیهانییەکانی پسپۆڕ لە بەڕێوەبردن و کارپێکردنی فڕۆکەخانەکان کردووە بۆ وەبەرهێنان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی، بۆ ئەوەی لەگەڵ مێژووی دێرینی پارێزگای نەینەوادا بگونجێت.

سەرۆکوەزیران رایگەیاند، "نامانەوێت ئەو کۆمپانیایانەی دێن تەنیا هۆڵێکی خزمەتگوزاری دروست بکەن، بەڵکوو دەمانەوێت ببنە هاوبەشێکی گرنگ بۆ ئەوەی فڕۆکەخانەی مووسڵ بکەنە دامەزراوەیەکی گرنگی خزمەتگوزاری".

عەلی فالح زەیدی گوتی، "شاری مووسڵ سیمایەکی شارستانیی عێراقە و دەروازەیەکی گرنگە بەرووی جیهاندا". هاوکات جەختی لەوە کردەوە، حکوومەت بە هەموو توانایەوە کار بۆ تەواوکردنی پرۆژە گرنگەکانی پارێزگاکە دەکات، بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکانی خەڵکی شارەکە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، فڕۆکەخانەی مووسڵ تەنیا پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری نییە، بەڵکوو دەروازەیەکی گرنگە بۆ پارێزگاکە و تەواوی عێراق، بەتایبەتی دوای بڕیاری گەڕاندنەوەی نەینەوا بۆ سەر نەخشەی فڕین و وەبەرهێنان.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ یەکێکە لە فڕۆکەخانە دێرینەکانی عێراق. لە کاتی کۆنترۆڵکردنی شارەکە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و دواتر لە پرۆسەی رزگارکردنیدا لە ساڵی 2017، زیانێکی زۆری بەرکەوت و بەشێکی زۆری ژێرخانەکەی وێران بوو. 

لە ماوەی رابردوودا حکوومەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی پارێزگای نەینەوا چڕکردووەتەوە. کردنەوەی فڕۆکەخانەکە و رادەستکردنی بە کۆمپانیا بیانییەکان هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی ناوچەکە و بەستنەوەی مووسڵ بە جیهانی دەرەوە. 

لە لایەکی دیکەوە پرسی نیشتەجێبوون یەکێکە لە گرفتە سەرەکییەکانی عێراق، بۆیە جێبەجێکردنی پرۆژەی دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر هاووڵاتییاندا بەشێکە لە هەوڵەکانی حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە و کەمکردنەوەی جەنجاڵیی شارەکان و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی شایستە.