بانکی ناوەندی: کارتە ئەلکترۆنییەکان بە نرخی فەرمی کار دەکەن و حەواڵەکانیش دەستیان پێکردووەتەوە
بانکی ناوەندیی عێراق دەنگۆی گەڕاندنەوەی بڕی 600 ملیار دینار بەهۆی جیاوازیی نرخەی ئاڵوگۆڕ رەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوه کە سەرجەم کارتە ئەلکترۆنییەکان بە هەمان نرخە فەرمییەکەی پەسەندکراو بۆ دابینکردنی پێداویستیی هاووڵاتییان لە دەرەوە کار دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی هەواڵێکی هەندێک لە راگەیەندنەکانی دایەوە کە لەسەر زاری سەرچاوەیەکی نەناسراو بڵاوکرابووەوە.
بە گوێرەی راگەیاندراوی بانکی ناوەندی، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن گوایە بانکی ناوەندیی بڕی 600 ملیار دیناری گەڕاندووەتەوە چونکە نرخی پێشووی 1320 دیناری بۆ هەر دۆلارێک نەبەستووە و داوای قەرەبووکردنەوەی کردووە بە نرخی ئێستای 1520 دینار، تەواو دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە داواکارییەکانی حەواڵەی دەرەکی کە پێشکەش بە بانکەکان کراون پێش رێکەوتی 7ی تشرینی یەکەمی 2026، بە هەمان نرخی کۆنی ئاڵوگۆڕ و بێ هیچ تێچوویەکی زیادە جێبەجێ کراون و دەست بە وەرگرتن و جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانەش کراوە.
بانکی ناوەندیی ئاماژەی بەوەش دا کە سەرجەم کارتە ئەلکترۆنییەکان بەگوێرەی نرخە فەرمییە پەسەندکراوەکە کار دەکەن بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە دەرەوەی وڵات دابین بکەن.
لە کۆتاییشدا، بانکەکە هۆشداریی دا کە بەپێی نووسراوی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، پێویستە وردبینی لە سەرجەم ئەو هەواڵ و بابەتانەدا بکرێت کە لە بارەی نرخی ئاڵوگۆڕ، بازاڕەکان و مووچە بڵاو دەکرێنەوە و دڵنیایی لە سەرچاوەکانیان بکرێت، بەپێچەوانەوە رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر هەر لایەنێک دەگیرێتە بەر کە هەواڵی چەواشەکار و پڕوپاگەندە بڵاو بکاتەوە.