مێرد منداڵێک بەهۆی سێلفیەک 5 سال سڕ کرا
مێرد منداڵێکی تەمەن 13 ساڵان بە ئومێدی ئەوەی شەوێکی مێژوویی بۆ خۆی تۆمار بکات، خۆی گەیاندە ناو لاکێشەی سەوز و سێلفیەکی یادگاری لەگەڵ یاریزانێکی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی گرت، بەڵام بێ ئاگا لەوەی سزایەکی قورس چاوەڕێ دەکات.
لە یارییەکەی نێوان هۆڵەندا و ئەڵمانیا لە نەیشن لیگ کە بە ئەنجامی 1-1 لە بەرژەوەندی هەردوولا لە ئەمستردام پایتەختی هۆڵەندا کۆتایی هات، مێرد منداڵێکی تەمەن 13 ساڵان پێش فیکەی کۆتایی یارییەکە خۆی گەیاندە ناو چیمەنی یاریگا، ئامانجیشی لەم کارەی گرتنی سێلفی یادگاری بوو لەگەڵ ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە نێوان ئەوانیش تیجیانی رێندەرز، هەرچەندە کارەکەی سەری گرت، بەڵام دواتر رووبەڕووی سزایەکی قورس بووەوە.
دوای ئەم کارەی مێرد منداڵەکە فێدراسیۆنی تۆپی پێی هۆڵەندا لە ترسی ئەوەی کەسانی دیکە ئەم هەڵس و کەوتە دووبارە نەکەنەوە، بڕیاریاندا ئەو هاندەرە رووبەڕووی سزایەکی قورس بکەنەوە، سزاکەشی بێ بەشبوونیەتی لە چوونی بۆ یاریگاکانی وڵاتەکەی بۆ ماوەی 5 ساڵ.
سەرچاوەکانی هۆڵەندا بڵاویان کردووەتەوە ئەو مێرد منداڵە تاوەکو ساڵی 2031 بۆی نیە بچێتەوە یاریگاکانی وڵاتەکەی، هەروەها بە پێ بژاردنی 100 یۆرۆش سزادراوە، باس لەوەش دەکرێت بەرپرسانی فێدراسیۆنی هۆڵەندا، بە دوای رێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی سزای پێ بژاردنی زیاتر بەسەر ئەو منداڵەدا بسەپێنن.