بەریتانیا سوپای پاسداران بە هێرشکردنە سەر بنکەی فەیرفۆرد تۆمەتبار دەکات

 سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، سوپای پاسدارانی ئێرانی بە تێوەگلان لە هەوڵی هێرشکردنە سەر بنکەی ئاسمانیی فەیرفۆرد تۆمەتبار کرد.

دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەوڵی هێرشکردنە سەر فەیرفۆرد بە رێنمایی سوپای پاسداران رێکخراوە. بێرنهام هەڕەشەی کرد و گوتی: "سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنین پاش رووداوەکەی فەیرفۆرد."

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، حکوومەتی بەریتانیا ناوی دوو هاووڵاتیی ئێرانیی پەیوەندیدار بە رژێمی ئێرانەوە خستووەتە لیستی سزاکانەوە. ئاژانسەکە روونیکردەوە، نوێترین پاکێجی سزاکانی بەریتانیا هاووڵاتییەکی ئێرانی دەگرێتەوە کە تێوەگلاوە لە چالاکیی دوژمنکارانەی پەیوەندیدار بە دەوڵەتەوە لە دەرەوەی ئێران.

پۆلیسی بەریتانیا دوو هەفتەی رابردوو پێنج پیاوی دەستگیرکرد کە بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری بچووک لە نزیک بنکەی فەیرفۆرددا بوون. ئەو بنکەیە لەلایەن فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکاوە لە جەنگی ئەمریکا - ئیسرائیل دژ بە ئێران بەکاردێت.

بەرپرسانی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیسرائیل پێیان وایە هەڕەشە ئەگەرییەکان پەیوەستن بە سوپای پاسدارانی ئێران یان سەرکردایەتییەکی سەربازیی جیاواز لە تاران، لەکاتێکدا ئێران ئەو تۆمەتانە رەتیدەکاتەوە.
بنکەی فەیرفۆرد بە یەکێک لە گرنگترین بنکەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا دادەنرێت و یەکێکە لەو بنکانەی بۆ پێشوازیکردن لە فڕۆکە بۆمبهاوێژە قورسەکان وەک B-1 گونجاوە. ئەو بنکەیە رۆڵێکی سەرەکی لە کەمپینە سەربازییەکانی پێشووی ئەمریکادا گێڕاوە.