پزیشکیان: یەکڕیزیی نیشتمانی کلیلی تێپەڕاندنی قەیرانەکانە

 سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، رزگاربوون لە ئاڵنگاری و گرفتەکانی ئێستای وڵات، پێویستی بە یەکڕیزیی نیشتمانی، بەگەڕخستنی تەواوی تواناکان و خزمەتکردنی راستەقینەی هاووڵاتییان هەیە بە دوور لە دووبەرەکی و بەرژەوەندیی کەسی.

دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، خەڵک لە هەموو قۆناخەکاندا خۆڕاگریی خۆیان سەلماندووە و ئێستا سەرەی بەرپرسان و کەسایەتییە دیارەکانە لە کرداریاندا راستگۆیی و باوەڕی خۆیان دەربخەن، چونکە رای گشتی بە پێوەری کردار هەڵسەنگاندن دەکات نەک بە دروشم و بانگەشە.

پزیشکیان روونیکردەوە، خزمەتکردنی راستەقینە بە کۆمەڵگە بەتایبەت چینە هەژار و بێبەشەکان، دەبێت بە دڵسۆزی، بێ منەت و بەبێ چاوەڕوانیی پاداشتی مادی و ناوبانگ بێت. گوتیشی: "چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستی بە کۆدەنگیی گشتی و رێگریکردنە لە پەراوێزخستنی هێزە دڵسۆزەکان، هاوکات پەرستگەکان دەتوانن رۆڵی بنکەی هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ هاووڵاتییان بگێڕن تا وڵات بە سەربەرزییەوە بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بێت."

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری ئێران تیشکی خستە سەر پرسی دەسەڵات و رایگەیاند، وەرگرتنی بەرپرسیارێتی لە حوکمڕانیدا دەرفەتێک نییە بۆ پلەوپایە و دەسەڵاتخوازی، بەڵکو ئەمانەتێکی ئەخلاقی و قورسە کە سەرچاوەکەی بۆ گیانبازی و قوربانیدانی خەڵک لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا دەگەڕێتەوە، ئەو شەڕەی کە ئامادەیی هێزەکانی بەسیج و خەڵکی ئاسایی سەرکەوتنی تێدا بەدەستهات کاتێک دەستبەرداری کار، کێڵگە و خوێندنی خۆیان بوون بۆ پاراستنی وڵات.

لە کۆتایی وتەکانیدا، پزیشکیان هۆشداریی دا کە بەرپرسان، ناوەندە ئەکادیمییەکان، پزیشکان و خاوەن زانستەکان لە تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازدان لە بەرامبەر بژێویی ژیانی خەڵک، هەربۆیە داوایکرد، ئەزموونی رابردوو، زانستی پسپۆڕی و داهاتە نیشتمانییەکان بە دوور لە رێکارە رۆتینییەکان، بە یەکگرتوویی بۆ نەهێشتنی هەژاری و چارەسەرکردنی کێشەی هاووڵاتییان بەکارهێندرێن.