ناتۆ هۆشداری توند بە رووسیا دەدات

 فەرماندەی باڵای سەربازیی ناتۆ لە ئەوروپا، لە هۆشدارییەکی راستەوخۆدا بۆ رووسیا جەختیکردەوە، هاوپەیمانێتییەکە رووبەڕووی هەر هێرشێک دەبێتەوە کە بکرێتە سەر وڵاتانی ئەندام. ئەم پەیامە لە کاتێکدایە نیگەرانیی ئەوروپییەکان سەبارەت بە هەڕەشەکانی مۆسکۆ لە زیادبووندان.

دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەم پەیامەی ئالێکسۆس گرینکیڤیچ فەرماندەی باڵای سەربازیی ناتۆ لە ئەوروپا، هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشە دوورمەوداکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ، بەتایبەت ئەو هێرشانەی کە ژێرخان و دامەزراوەکانی وزە دەکەنە ئامانج. هاوکات ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا پێشبینی ناکات رووسیا پابەند بێت بەو رێککەوتنەی دۆناڵد ترەمپ بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە رایگەیاندووە. زێلێنسکی رایگەیاند، رووسیا ئەمڕۆ شەش دامەزراوەی کردووەتە ئامانج.

گرینکیڤیچ لە وتارێکدا لە وارسۆ گوتی: "ئەگەر کەسێک ئەوەندە گەمژە بێت کە بیەوێت هێرشمان بکاتە سەر، ئەوا شەڕ دەکەین. هێرشەکە رادەگرین و رێگە نادەین ئامانجەکانی بپێکێت، هەرچییەک بێت". ئەو بەرپرسە سەربازییە ئەوەشی خستەڕوو، هەر هێرشێک بۆ سەر هەر هاوپەیمانێک بەتەواوی بێسوود دەبێت.

سەرەڕای ئەمەش، ژەنەراڵە ئەمریکییەکە بەدووریزانی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی نزیک بێت و رایگەیاند: "دەمەوێت خاڵێک روونبکەمەوە، پێم وانییە ململانێیەک نزیک یان گەرەنتی کراو بێت".

لە مانگەکانی رابردوودا نیگەرانییەکان لەبارەی پەرەپێدانی چالاکییەکانی کرێملین لە ئەوروپا لە رێگەی هێرشی هەمەجۆرەوە زیادبوون، بەتایبەت دوای دۆزینەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی لایپزیگی ئەڵمانی. گرینکیڤیچ جەختیکردەوە، پێویستە وڵاتانی هاوپەیمانێتییەکە کاتێک بەڵگەکان بەردەست دەبن، خێرا رووسیا بەرپرسیار بکەن و پەیامی روون سەبارەت بە هێڵە سوورەکان بنێرن.

ئەو بەرپرسە سەربازییە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "گرنگە هاوپەیمانان بەردەوام بن لە راوێژکردن و بیرکردنەوە لە چۆنیەتی وەڵامدانەوە، هەروەها بە روونی و راشکاوی بۆ رووسەکان روونبکەینەوە هێڵە سوورەکانمان لە کوێن".

گرینکیڤیچ "تیۆری سەرکەوتن"-ی خۆی خستەڕوو و روونیکردەوە، ستراتیژی ناتۆ لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هێرشێکی بەرفراواندا، سەرەتا لەسەر راگرتنی هێرشەکە، پاشان خاوەخاوکردنی پێشڕەوییەکان و رێگریکردن لە هێزە دوژمنەکان بۆ قووڵبوونەوە لە خاکەکەدا بەندە، پێش ئەوەی پەنا بۆ لەناوبردنی تواناکانی سەربازیی دوژمن بەرن.

 گوتی: "تیۆری سەرکەوتنی من سادەیە: هێرشی سەرەتایی رادەگرین. ئەگەر هێرشەکە بەردەوام بوو، ئاستەنگی بۆ دروست دەکەین و رێگری لە پێشڕەویی دوژمن دەکەین. ئەگەر پێویست بکات، هێزەکانیان و سیستەمی ئۆپەراسیۆنی سەربازییان کە دژی ئێمە بەکاریدەهێنن، تێکدەشکێنین".

سەبارەت بە ئەگەری پەرەسەندنی دۆخەکە بۆ ئاستی ئەتۆمی، دووپاتیکردەوە، ناتۆ دەستپێکەری پەرەسەندنی ململانێکان نابێت و گوتی: "باری پەرەسەندنی دۆخەکە بەتەواوی دەکەوێتە ئەستۆی هێرشبەرەکە و تەنیا ئەو کەسە بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی و سیاسی و ستراتیژییەکانی ئەو بڕیارە هەڵدەگرێت".

پەیامەکەی ئەو ژەنەراڵە ئەمریکییە لە کاتێکی هەستیاردا بۆ ئەوروپا هات، کە لە لایەکەوە رووبەڕووی زیادبوونی چالاکییەکانی رووسیا بووەتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە هاوپەیمانانی ناتۆ چاوەڕێی ئەگەری کەمکردنەوەی بوونی سەربازیی ئەمریکان، وەک بەشێک لە پێداچوونەوەیەک کە ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەنجامدەدات.

واشنتن پێشبینیدەکرێت بەر لە کۆتایی ساڵ ئەنجامی ئەو پێداچوونەوەیە رابگەیەنێت. لەگەڵ ئەوەشدا گرینکیڤیچ دووپاتیکردەوە، واشنتن بەتەواوی پابەندە بە بنەمای بەرگریی هاوبەشی هاوپەیمانێتییەکە و گوتی: "پێموانییە هیچ لایەنێک پێویست بکات گومان لە پابەندبوونی ئەمریکا بەم هاوپەیمانێتییەوە بکات".

ئەو رایگەیاند، هەوڵەکانی ئەوروپا بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی زیاتر لە بواری بەرگریدا، هاوپەیمانێتییەکە بەهێزتر دەکات و گوتی: "ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردنین، ئەمەش دەبێتە هۆی هاوپەیمانێتییەکی بەهێزتر و یەکگرتووتر لەوەی کە لە زەمەنێکی دوورودرێژدا بینیومە".