ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات لە بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکانی سعوودیە ئاگاداربن
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ریاز، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، فەرمانبەرانی حکوومەتی ئەمریکا لە سعوودیە کاردەکەن، بۆ بەکارهێنانی هەر فڕۆکەخانەیەک لەو وڵاتە پێویستیان بە مۆڵەتی تایبەت هەیە و دەبێت مۆڵەت وەربگرن.
دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سعوودیە، هۆشداری بە هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی لەو وڵاتە دەدات و رایگەیاند، پێویستە هاووڵاتییانی ئەمریکا ئاگاداری ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخستنی ئاسمانی وڵاتەکە و پەککەوتنی گەشتەکان بن. باڵیۆزخانەکە ئامۆژگاری هاووڵاتییانی کردووە راستەوخۆ لە رێگەی کۆمپانیای فڕۆکەوانی و فڕۆکەخانەکەوە دڵنیایی لە باری گەشتەکانیان وەربگرن.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، داواکارین ئەگەر بڕیارتاندا فڕۆکەخانەکانی سعوودیە بەکاربهێنن، زۆر ئاگادار بن.
دوای هێرشەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی ریاز و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان، باڵیۆزخانەکانی سعوودیە لە بەحرەین، ئوردن، ئیمارات، قەتەر و کووەیت پاسیان بۆ گواستنەوەی ئەو سعوودییانە دابین کرد لە دەرەوە گیریان خواردووە، بە مەرجێک کارتی گەشتێکی هەڵوەشاوەیان پێ بێت.
ئەم بڕیارە دوای دوو رۆژی یەکبەدوای یەک لە هێرشەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ریاز دێت. لە کاتێکدا گرووپی حوسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی شەممەیان لە ئەستۆ گرت بووە هۆی کوژرانی 13 کەس و برینداربوونی 309 کەسی دیکە، فڕۆکەخانەکە یەکشەممەی رابردوو رووبەڕووی هێرشێکی نوێ بووەوە کوژرانی کەسێکی لێکەوتەوە و بەو جۆرە کۆی گشتیی قوربانییانی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەکە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا گەیشتە 14 کوژراو.
پێنجشەممەی رابردوو، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە سعوودیە رایگەیاند، لە دوو هێرشدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ریاز، 3 سعوودی کوژراون و ژمارەیەک هاووڵاتی و نیشتەجێی رەگەزنامە جیاوازیش بریندار بوون.