تەقینەوەیەکی بەهێز ریازی پایتەختی سعوودیەی هەژاند

 دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە ریازی پایتەختی سعوودیە بیسترا، ئەمەش چەند ساتێک دوای ئەوەی دانیشتووانی شارەکە لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە پەیامێکی بەپەلەی هۆشدارییان پێگەیشت لەبارەی هەڕەشەیەکی ئاسمانیی دوژمنکارانە.

دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس رایگەیاند، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە ریازی پایتەختی سعوودیە بیستراوە. هاوکات لەگەڵ رووداوەکەدا، دەسەڵاتداران پەیامی ئاگادارکردنەوەی بەپەلەیان بۆ مۆبایلی هاووڵاتییان و دانیشتووانی پایتەخت ناردووە بۆ خۆپاراستن.

لە دەقی پەیامە هۆشدارییەکەدا هاتووە: "ئاگاداری، ناوچەکە لەژێر هەڕەشەیەکی ئاسمانیی دوژمنکارانەدایە. تکایە بە هێمنی رەفتار بکەن، لە نێو ماڵەکانتان یان لە شوێنێکی ئارام و پارێزراودا بمێننەوە، لە پەنجەرە و دەرگاکان دوور بکەونەوە و بەردەوام پابەندی رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی بن."

لە لایەکی دیکەوە، تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانی بەرگری شەریعەت کە سعوودیە سەرکردایەتی دەکات، رایگەیاند، مووشەکێکی بالیستی کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی ریاز کرابوو، تێکشکێندراوە. 

ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدا، هێرشی مووشەکی و درۆنی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر دامەزراوە و پێگە بازرگانییەکانی سعوودیە روویان لە زیادبوون کردووە و چەند جارێک فڕۆکەخانە و دامەزراوەی نەوتی ئارامکۆ، لەلایەن حووسییەکانەوە کراوەتە ئامانج.