ترەمپ: حووسییەکان زۆر بە خراپی رەفتار دەکەن
سەرۆکی ئەمریکا، لە زنجیرەیەک لێدوانی نوێدا تیشکی خستە سەر پرسە هەستیارەکانی سیاسەتی دەرەوە، لەوانە ململانێکان لەگەڵ ئێران، پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودیە و چارەنووسی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا.
سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا،لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، پەیوەندیی بە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیەوە کردووە و لەبارەی هەڵسوکەوتی گرووپی حوسییەکانەوە گوتی: "حوسییەکان بە شێوەیەکی زۆر خراپ رەفتار دەکەن." هاوکات لەبارەی گوشارەکان بۆ سەر تارانیش، ترەمپ جەختیکردەوە، هەڵبژاردنەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بڕیارەکانی بەرامبەر بە ئێران نییە و راشیگەیاند: "جەنگ لەگەڵ ئێران بەمزووانە کۆتایی دێت و لەگەڵ ئەوەشدا نرخی بەنزین دادەبەزێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەربارەی دۆخی ئەورووپا، ترەمپ پێداگریی لەسەر پێویستیی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ جەنگی ئۆکرانیا کردەوە و روونیکردەوە، پێشێلکاریی ئاگربەست لەلایەن هەردوولاوە رووی داوە و گوتی: "رووسیا و ئۆکرانیا دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن، بەڵام نازانن چۆن ئەو کارە بکەن."
ترەمپ رایگەیاند،، بڕوای وایە ڤلادیمیر پوتین خوازیاری گەیشتنە بە رێککەوتن، بەڵام "دەبێت زێلێنسکی رازی بکەین بە واژۆکردنی." لە کۆتاییشدا رەخنەی لە هەڵوێستەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا گرت و گوتی: "پێویستە زێلێنسکی سەرنجی تەواوی لەسەر گەیشتن بێت بە رێککەوتن، نەک باسکردنی رێککەوتنی سووتەمەنی لەگەڵ رووسیا."