سوپای پاسداران کەشتییەکی نەوتهەڵگری لە گەرووی هورمز کردە ئامانج

 سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێزەکانیان لە گەرووی هورمز هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەک و بەو هۆیەوە ئاگر لە کەشتییەکە کەوتووەتەوە. تاران هۆکاری هێرشەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کەشتییە ئامانجگیراوەکە هەوڵی داوە بەبێ ئاشکراکردنی ناسنامە و پەکخستنی ئامێرەکانی ناسینەوە، لە گەرووەکە تێپەڕێت.

سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا کە لە پێگەی "سپاه نیوز" بڵاوکراوەتەوە، روونیکردەوە: "کەشتییەکی گەورەی نەوت لە گەرووی هورمز هێرشی کراوەتە سەر و ئاگری گرتووە". بەگوێرەی بەیاننامەکە، کەشتییەکە گوێی بە هۆشدارییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران نەداوە و بەو هۆیەوە بووەتە ئامانجی هێرشەکە.

ئێران لە 28ـی شوباتەوە و هاوکات لەگەڵ دەستپێکی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاتوچۆی کەشتیوانی لەو گەرووە ستراتیژییەدا سنووردار کردووە. لە بەرامبەردا، واشنتن گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران. کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆ لەو گەرووە بووەتە خاڵێکی سەرەکیی کێشمەکێشی نێوان تاران و واشنتن، چونکە تاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەبێت خۆی سەرپەرشتیاری هاتوچۆ بێت، لە کاتێکدا واشنتن و چەند لایەنێکی دیکە ئەو هەنگاوە رەتکردەوە.

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا دووشەممە رایگەیاند، تانکەرێکی نەوتی خاو، تانکەرێکی بەرهەمەکان و کەشتییەکی هەڵگری کۆنتێنەر، یەکشەممە لە گەرووی هورمز رووبەڕووی هێرشی مووشەکیی سەرچاوەنادیار بوونەتەوە. دەستەکە شەوی یەکشەممە بۆ دووشەممە ئاشکرایکرد،، تانکەرێکی نەوت لە نزیک مەکۆی کەشتییەکانی سەحار لە عومان رووبەڕووی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە و بەرپرسانی خۆجێیی هاوکارییان کردووە لە گواستنەوەی تاقمەکەی.

لە دەستپێکی جەنگەوە، ئێران چەندین جار ئەو کەشتییانەی کردووەتە ئامانج کە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت هەوڵی تێپەڕین بە گەرووی هورمزیان داوە. عەلی عوزمایی، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران کۆتایی هەفتەی رابردوو هۆشداری دابوو، هەر کەشتییەک بە مەبەستی خۆلادان لە چاودێریکردن لە کاتی پەڕینەوە لە گەرووەکە ئامێرەکانی شوێنپێهەڵگرتن دابخات، وەک ئامانجێکی دوژمنکارانە سەیر دەکرێت.