رووسیا: بەریتانیا نایەوێت جەنگی ئۆکرانیا کۆتایی بێت

رووسیا بەریتانیای تۆمەتبار کرد بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی میدیایی بۆ پەکخستنی ئەو هەوڵانەی ئامانجیان گەیشتنە بە رێککەوتنی ئاشتی لە ئۆکرانیا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، کیریل دیمیتریێڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە رێگەی پلاتفۆڕمی ئێکسەوە گوتی: "کێشە ئاشکراکە کە هەمووان خۆی لێ دەدزنەوە، خواستی حکوومەتی بەریتانیایە بۆ جەنگێکی بێ کۆتایی لە ئۆکرانیا، ئەوەش بە مەبەستی لادانی سەرنجەکان لە تێکچوونی شێوازی ژیانی بەریتانی".

دیمیتریێڤ روونیکردەوە، بەریتانیا دەسەڵاتی میدیایی گەورەی خۆی بۆ تێکدانی هەر هەوڵێکی ئاشتی لە ئۆکرانیا و هەر هاوکارییەکی ئەمریکی-رووسی بەکاردەهێنێت و یەکێتیی ئەوروپاش هەمان رێچکەی ئەوان دەگرێتەبەر.

پێشتر ئاندی بێرنام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پێشتر رایگەیاندبوو، رووسیا بە ئاشکرا دەستی وەرداوەتە دەنگدانی بەریتانیا بۆ چوونە دەرەوە لە یەکێتیی ئەوروپا. بێرنام گوتیشی: "بەڵگەهێنانەوە بۆ دەستێوەردانەکانی مۆسکۆ کارێکی گرنگە، بەتایبەت کە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا رووبەڕووی هەمان هەڕەشە دەبنەوە".

لە بەشێک لە پۆدکاستی "زە رێست ئیز پۆلیتیکس" کە یەکشەممە بڵاوکرایەوە، بێرنام رایگەیاند، کاتێک لە تەممووزدا پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرت، لە راوێژکارەکانی پرسیوە ئایا رووسیا دەستی وەرداوەتە راپرسییەکەی ساڵی 2016.

بێرنام لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "وەڵامێکی روونم وەرگرت کە بەڵێ، دەستێوەردان هەبووە".

ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە، پێویستە ئەو بابەتانە بە روونی بەڵگەهێنانەوەیان بۆ بکرێت و بە ئاشکرا بسەلمێندرێن. بێرنام گوتی: "پێموایە ئەوە یارمەتی دەنگدەران لە ئەڵمانیا و فەرەنسا دەدات تێبگەن کە هەندێک لەو جووڵانە سیاسییانە لەلایەن لایەنە دوژمنکارەکانەوە هان دەدرێن، بەتایبەتی رووسیا".