هەرێم کەمال ئاغا: بەم شێوازەی ئێستا دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە نادەین

رۆژی سێشەممەی رابردوو 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، کوردستان24 وەک یەکەم میدیا رەشنووسی بودجەی 2027ـی عێراقی بڵاوکردەوە، کە بەپێی رەشنووسی پڕۆژەیاساکە حکوومەتی عێراق خەرجییە گشتییەکانی بە 217 ترلیۆن دینار و داهاتەکانی بە 174 ترلیۆن دینار خەمڵاندووە و پشکی هەرێمی کوردستانیش کەمکراوەتەوە، هەروەها سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بەم شێوازەی ئێستا دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە نادەین.

ئەمە لە کاتێکدیە قەبارەی گشتیی بودجە و داهاتەکان گۆڕانکارییان بەخۆیانەوە بینیوە، نیگەرانی و سەرنجەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان چڕ بوونەتەوە؛ بە جۆرێک کە جگە لە تەرخانکردنی بودجەی تەشغیلی، هیچ بڕەپارە یان پڕۆژەیەک بۆ دامەزراندن و پەرەپێدانی هەرێم لە رەشنووسەکەدا دیاری نەکراوە.

 پەیوەست بە هەرێمی کوردستان، تەنیا بودجەی تەشغیلی نووسراوە کە ئەویش کەمترە لەوەی بەشی تەواوی مووچە بکات و کەمترینی پێنج ساڵی رابردووە. 

پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیدا 13.308 ترلیۆن دینارە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو بڕە لە ساڵی 2023ـدا 16.498 ترلیۆن دینار بووە، واتە بە رێژەی 19.3% کەمی کردووە. هەروەها لە ساڵی 2021ـدا 11.482 ترلیۆن دینار بووە.

رێژەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە لە کۆی گشتیی خەرجییەکان 6.1%ـە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023ـدا 8.3% و لە ساڵی 2021ـدا 8.8% بووە. سەبارەت بە بودجەی وەبەرهێنان، بڕەکەی 0.499 ترلیۆن دینارە، بەرامبەر بە 2.784 ترلیۆن دینار لە ساڵی رابردوودا. هاوکات بڕی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە داهاتەکاندا جێگیر کراوە، وەک ساڵی 2023 بە 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا ماوەتەوە، هەر چەندە لە دوای هێرشەکانەوە ئەو بڕە نەوتە لە هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت. 

لەوبارەوە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا دژی پڕۆژەیاسای بودجە بەرەیەکی هاوبەش پێکدەهێنن و دەنگدان بە رەشنووسە نوێیەکە بە تەواوی رەت دەکەنەوە.

هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەم شێوازەی ئێستا دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە نادەین و ناکرێت یاساکە بە زیانی مافەکانی خەڵک تێپەڕێنرێت.

هاوکات گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کوردستان24 هەمان هەڵوێستی دووپات کردەوە و جەختیکردەوە، بەبێ گەرەنتیکردنی شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دەنگ بە پڕۆژەکە نادەین.

هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 داوای پشکی 14%ـی بە گوێرەی ئەنجامی سەرژمێریی دانیشتووان دەکات.

ئەم هاودەنگییە سیاسییە هاوکێشەی یاسادانان لە پەرلەمانی عێراق دەخاتە بەردەم قۆناخێکی دژوار و لایەنە دەسەڵاتدارەکانی بەغدا ناچار دەکات پێداچوونەوە بکەن، پەیامی کورد لە بەغدا یەکلاکەرەوەیە؛ هیچ بودجەیەک شەرعییەتی تێپەڕبوونی نابێت ئەگەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پشتگوێ بخات.