سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینی گەشەی ئابووریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کەمکردەوە

سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) پێشبینییەکانی خۆی بۆ گەشەی ئابووریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست بۆ ساڵی 2026 بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە، ئەوەش بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئابووری لە ئەنجامی بەردەوامیی جەنگ لە ناوچەکەدا.

لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا دەربارەی ئاسۆی ئابووریی جیهان، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو رایگەیاندووە، ئابووریی ناوچەکە رووبەڕووی داكشان بە رێژەی 0.3% دەبێتەوە، لە کاتێکدا پێش شەش مانگ پێشبینیی گەشەکردنی بە رێژەی 1.9% دەکرا.

سندووقەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەردەوامیی داخرانی گەرووی هورمز بۆ ماوەیەکی درێژتر لەوەی لە راپۆرتی مانگی نیساندا خەمڵێندرابوو، هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینەیە، هەروەها پێشبینی دەکات لە ساڵی 2027دا ئابووریی ناوچەکە گەشەکردنێکی گەورە بەخۆیەوە ببێنێت، ئەوەش بە پشتبەستن بە ئەگەری کردنەوەی گەرووی هورمز.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، ئەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان بەهۆی پەککەوتنی کەشتیوانی و بەرهەمهێنانەوە بەرکەوتووە بریتین لە عێراق، کوەیت، قەتەر و بەحرەین، کە تەواویان لە کاتی شەڕەکاندا دامەزراوە نەوتییەکانیان تووشی زیان بوونەتەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، پێشبینی دەکرێت ئەو وڵاتانە لە ساڵی 2026دا دابەزینی زیاتر لە 10% بەخۆیانەوە ببینن، بەڵام لە ساڵی 2027دا بەهۆی ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن و لۆجستی، گەشەکردن تۆمار بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، ئەو دامەزراوە داراییە جیهانییە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرهەمی ناوخۆیی خۆڕسک (GDP)ی سعوودیە لەمساڵدا بە رێژەی 3.3% کەمدەکاتەوە، بەرلەوەی لە ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 7.9% بەرزبێتەوە. ئەم پێشبینییە بەرلە زنجیرەیەک هێرشی کوشندە بۆ سەر فڕۆکەخانەی ریاز کراوە کە لە هەفتەی رابردووەوە دەستیان پێکردووە.

سندووقەکە روونیشیکردووەتەوە کە سعوودیە گەورەترین هەناردەکاری نەوتی خاوە لە جیهاندا و لە نێو ئەو وڵاتانەی ناوچەکەیە کە کەمترین کاریگەریی جەنگی لەسەر بووە، ئەوەش بەهۆی هەبوونی رێگەی جۆراوجۆری هەناردەکردن لە ئابوورییەکەیدا.

هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە، سعوودیە بۆردومانی گەرووی هورمزی بەکارهێناوە تاوەکو رێڕەوی بۆری نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوا بەکاربهێنێت و نەوتی خاو بنێرێتە کەناراوەکانی دەریای سوور. بەڵام ئەو بۆرییە نەوتە لە مانگی ئەیلوولدا بە شێوەیەکی کاتی راگیرا، دوای ئەوەی کەوتە بەر هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق.

هاوکات، حووسییەکانی یەمەن، لە کاتی سەرهەڵدانەوەی جەنگی ناوخۆیی لە مانگی تەممووزدا لەگەڵ حکوومەتی یەمەن لەلایەن ریازەوە، بەبەردەوامی ژێرخانی نەوتی سعوودیە و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانیان لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج.

پێشبینی دەکرێت ئیمارات، کە رێگەی دەریایی بۆ هەردوو لای گەرووی هورمز هەیە، ئابوورییەکەی بە رێژەی 3.9% دابەزێت. بەگوێرەی راپۆرتەکە، عومان تاکە وڵاتی کەنداوە کە چاوەڕوان دەکرێت گەشەی ئەرێنی لەمساڵدا بپارێزێت، کە بە رێژەی 2.4% دەبێت.

سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینی دابەزینی ئاسۆی ئابووریی ئێرانیشی کردووە، بە شێوەیەک کە بەهۆی جەنگ، گەمارۆدان و سزاکانی ئەمریکاوە، بەرهەمی ناوخۆیی بە ڕێژەی 7.6% دابەزێت. سەبارەت بە وڵاتانی دیکەی عەرەبی، سندووقەکە رایگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکرێت لە بەرامبەر شۆکی نرخەکانی وزە و خۆراکدا "تا رادەیەک خۆڕاگر بن".

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆتایی مانگی شوبات بە هێرشی ئەمریکی-ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران، تاران هەوڵیداوە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا بسەپێنێت و چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ئەو کەشتییانەی بەبێ مۆڵەتی ئەو دەپەڕنەوە. لە بەرامبەردا، ئەمریکا گەمارۆی ئابووری بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە و بە ژمارەیەکی زیاتر لە پێشوو هاوەڵیی ئەو کەشتییانە دەکات کە دۆستی خۆین.