لە بازاڕەکانی عێراق نرخی ئارد بەرزبووەوە
نرخی ئارد لە عێراق بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەتەوە و ئەمەش خاوەن نانەواخانەکانی تووشی قەیران کردووە، بە جۆرێک بەشێکیان هەڕەشەی داخستنی شوێنەکانیان دەکەن. نرخی هەر کیسەیەک ئارد گەیشتووەتە 40 هەزار دینار، لە کاتێکدا پێش دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، نرخەکەی لە باشترین دۆخدا لە 34 هەزار دینار تێپەڕی نەدەکرد.
بەهۆی دابەزینی بەهای دینار، نرخی سەرجەم کاڵاکان بە رێژەیەکی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و ئاردیش لەم کاریگەرییە بەدەر نەبووە. خاوەنی سەمونخانەکان هەوڵ دەدەن بەرەنگاری ئەم دۆخە ببنەوە و بۆ ساتێک کێشی سەمونەکانیان وەک خۆی هێشتووەتەوە، بەڵام بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد، بەردەوامبوونی کارکردنیانی خستووەتە مەترسییەوە.
عەلی موعاز، خاوەنی سەمونخانە، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە رابردوودا ئاردمان بە 36 هەزار دینار دەکڕی، بەڵام دوێنێ نرخەکەی گەیشتە 40 هەزار دینار. ئەگەر شەش سەمون بە هەزار دینار بفرۆشم، هاووڵاتی بەهای ئەو بەرزبوونەوەیە رەچاو ناکات. من زیانم پێ دەگات و دەبێت کرێی دوکان و پارەی کرێکارەکان دابین بکەم. تا ئێستا خۆڕاگرم، بەڵام ئەگەر نرخی ئارد لە مانگێکی دیکەدا بگاتە 44 یان 45 هەزار دینار، ناچار دەبین دوکانەکە دابخەین."
بەرزبوونەوەی نرخەکان تەنیا تایبەت نەبووە بە ئارد، بەڵکو تەواوی پێداویستییە خۆراکییەکانی گرتووەتەوە. حەمید عادل، هاووڵاتییەک لەمبارەیەوە گوتی: "پێشتر بە 100 هەزار دینار پێداویستییەکانم دەکڕی، ئێستا ئەو بڕە پارەیە بۆ هەمان کاڵا بەس نییە و بووەتە 120 هەزار دینار و زیاتر."
کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە لە بەغدا بە روونی دەردەکەوێت، بەتایبەتی لە دیوی رەسافە کە هەندێک لە سەمونخانەکان ناچار بوون بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانیان، یان قەبارەی سەمونەکە بچووک بکەنەوە یان ژمارەی ئەو سەمونانەی بە هەزار دینار دەیفرۆشن کەم بکەنەوە، بە جۆرێک لە شەش سەمونەوە بۆ پێنج سەمون دابەزیوە.