ئیسرائیل باخەکانی زەیتوونی لوبنانی گەمارۆ داوە
ئیسرائیل بژێوی هەزاران خێزانی لوبنانی دەخاتە مەترسییەوە
باخەوان و خاوەن زەوییەکانی باشووری لوبنان، بەهۆی کاریگەریی هێرشەکانی ئیسرائیل و مەترسیی تەقەمەنییە نەتەقیوەکان، هەوڵ دەدەن وەرزی چنینەوەی بەرهەمی زەیتوون پێش بخەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە زیانەکانی ئەم کەرتە گەیشتووەتە نزیکەی 6 هەزار و 600 هێکتار زەوی.
لە گوندە سنوورییەکانی لوبناندا ئالنگارییەکە تەنیا لەو زیانانەی دار زەیتوونەکاندا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ ئەو مەترسییە گەورانەی کە رووبەڕووی جووتیاران دەبنەوە لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە زەوییەکانیان.
لە گوندە سنوورییەکانی قەزاکانی مەرجەعیون و حاسبیا، لەگەڵ شارۆچکەی زۆتری رۆژئاوا لە قەزای نەبەتیە بەدواداچوون بۆ ڕەوشی باخەوان، خاوەن باخەکانی زەیتوون کراوە و باسیان لە لێکەوتەکانی جەنگ کرد لەسەر بەرهەم و سەرچاوەی داهاتیان.
بەپێی راپۆرتێک کە وەزارەتی کشتوکاڵی لبنان لە 8ـی ئایاری 2026 بڵاوی کردووەتەوە، ئەو زیانانەی بەر رووبەری زەوی دار زەیتوونەکان کەوتووە گەیشتوونەتە نزیکەی 6 هەزار و 600 هێکتار، لە کاتێکدا کۆی گشتیی رووبەرە کشتوکاڵییە زیانلێکەوتووەکان لەسەر ئاستی لبنان گەیشتووەتە 56 هەزار و 264 هێکتار.
لە لوبنان نزیکەی 13.5 ملیۆن دار زەیتوون هەن کە ساڵانە لە نێوان 100 هەزار تا 200 هەزار تۆن زەیتوون بەرهەم دەهێنن، ناوچەی باشووری وڵات بە تەنیا 39%ـی باخەکانی زەیتوونی لبنان لەخۆدەگرێت.
زەیتوون یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات بۆ توێژێکی فراوانی دانیشتووانی باشووری لبنان؛ چونکە وەرزی چنین هەلی کاری کاتی بۆ هەزاران کرێکار دابین دەکات، هەروەها لەو ماوەیەدا کارەکانی ئاشەکانی زەیتوون و کەرتەکانی گواستنەوە و بازرگانی چالاک دەبنەوە.
سێ ساڵ رێگریی کردن لە باخەوانان
لە گوندی کفرشوبای سنووریی، باخەوان و ئەندامی شارەوانی حوسنی غانم هێشتا چاوەڕێی بەدەستهێنانی ئەو مۆڵەتە پێویستانە دەکات کە رێگەی پێبدەن بچێتە ناو زەوییەکەی، دوای ئەوەی سێ ساڵ بەسەر یەکدا تێپەڕین و ناتوانێت بچێتە ناو زەویەکەی.
حوسنی غانم دەڵێت "لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا نەمانتوانیوە بچینە سەر زەوییەکەمان، دار زەیتوونەکان وشک بوون و نەمانتوانیوە چاودێریان بکەین و خزمەتیان بکەین".
روونیشیکردەوە، باخەوانەکان داواکارییان پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، لەوانە سوپای لوبنان و هێزەکانی یونیفیل، بەڵام هێشتا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
هەندێک لە باخەوانەکان پێش کات راکە راک دەکەن بۆ چنینەوەی زەیتوون پێش ئەوەی بە تەواوی پێبگات، لە ترس ئەوەی نەوەک جارێکی دیکە پێکدادانەکان رووبداتەوە و رێگریی لە گەیشتن بە کێڵگەکانیان بکرێتەوە.
کاریگەرییەکان لەسەر بەرهەمی زەیتوون
باخەوان محەمەد موسا حەللاوی گوتی: جەنگ کاریگەرییەکی کوشندەی لەسەر دار زەیتوونەکان و بڕی بەرهەم هەبووە، روونیکردەوە، ئەو دارانەی بەر هێرش و مووشەک کەوتوون، رەنگە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت تاوەکو بەرهەمەکانیان بگەرێتەوە دۆخی پێشوو.
ئەوەشی خستەڕوو کە ترسی پاشماوەی تەقەمەنییە نەتەقیوەکان وادەکات باخەوانەکان دوودڵ بن لە چوونە ناو کێڵگەکانەوە.
حەللاوی ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک لە باخەوانەکان چنینەوەیان دەستپێکردووە نزیکەی 10 بۆ 20 رۆژ پێش کاتی ئاسایی خۆی، لە ترسی سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی جەنگ و ئاوارە بوونەوەی دانیشتووان.
لە گوندی سنووریی عەین جورفا، باخەوان تەیمور عەمیشە باسی لە دابەزینی داهاتی زەیتوون و بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان کرد.
عەمیشە رایگەیاند، باخەوان تووشی سەختی دەبێتەوە لە بەدەستهێنانی داهات کە خەرجییەکانی پڕبکاتەوە، تەنانەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی زەیتی زەیتوونیشدا.
زیانگەیاندن بە ئاشەکانی زەیتوون
زیانەکان تەنیا لە بەرهەمدا ناوەستن، بەڵکو سەروەت و سامانە کشتوکاڵییەکان و ئەو دامەزراوانەش دەگرێتەوە کە کەرتی کشتوکاڵ پشتیان پێدەبەستێت، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئاشەکانی زەیتوون.
عەباس محەمەد خریس، کە باخەوانێکی گوندی خەیام و خاوەنی ئاشی زیانلێکەوتووە بەهۆی جەنگەوە، گوتی: دامەزراوە و ئامێرەکان پەکیان کەوتووە، سەرەڕای ئەوەی هەوڵیدا لە ماوەی ئاگربەستی پێشوودا کارەکانی دەستپێبکاتەوە.
باسی لەوەشکرد، سێ ئاشی زەیتوونی لەگەڵ مۆلیدەی کارەبا، ئامێر و باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی لەدەستداوە، و زیانەکانی بە زیاتر لە 800 هەزار دۆلار خەمڵاند، بەبێ ئەژمارکردنی ئەو زیانانەی بەر چالاکییە کشتوکاڵییەکەی و ئامێرەکانی تری کەوتوون.
بەروبوومی تریش لە مەترسیدان
لە ناوچەی عەرقوب، لێکەوتەکان تەنیا لەسەر زەیتوون ناوەستن، بەڵکو بەروبوومی گوێز، سێو و گێلاسیش دەگرنەوە، خالید نۆرەدین، موختاری پێشووی شارۆچکەی هێباریە گوتی: باخەوانانی ناوچەکە لە ماوەی سێ بۆ چوار ساڵی رابردوودا نەیانتوانیوە سوودێکی سروشتی لە وەرزە کشتوکاڵییەکانیان ببینن، بەهۆی ئەوەی نەگیشتوونەتە زەوییەکانیان و مەترسییەکانی بۆردومان و تەقەکردن هەبوون.
ئاماژەی بەوەشدا، باخەوانەکان چاوەڕێی کۆبوونەوەیەک دەکەن لەگەڵ یەکێتی شارەوانییەکانی عەرقوب و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای لوبنان و هێزە نێودەوڵەتییەکان، بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری گەیشتنیان بە سەلامەتی بۆ سەر کێڵگەکانیان.
لە زۆتری رۆژئاوا، حاجی دونیا، هەوڵدەدات ئەوەی لە توانایدا هەیە لە زەیتوون کۆبکاتەوە بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی، سەرەڕای ئەو زیانانەی بەر دارەکان و زەوییەکە کەوتوون بەهۆی بۆردومانەوە.
گوتیشی: خێزانەکە پشت بەو وەرزە دەبەستن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان، ئێستا هەوڵدەدات دارەکانی ئەو ناوچانە بچنێتەوە کە دەتوانرێت پێیان بگات، دوور لەو شوێنانەی کە هێشتا مەترسین.
مەترسییەکانی پاشماوەی جەنگ
لەسەر بنەمای مەترسییەکانی پاشماوەی جەنگ، هەردوو شارۆچکەی فرون و یاتر هۆشدارییان بە دانیشتووان دا لە چوونە ناو باخەکانی زەیتوون پێش گەڕانەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدار و تایبەتمەندەکان، لە ترسی بوونی بۆمبی هێشوویی و مینە چێندراوەکان.
ئەم پێشھاتانە بەهۆی هێرشەکانەوە بوون بۆ سەر لوبنان کە لە 2ـی ئاداری رابردووەوە دەستی پێکردووە و بەپێی ئامارێکی فەرمی کە لە 12ـی تشرینی یەکەمی رابردوودا دەرچووە، بووە هۆی کوژرانی 4 هەزار و 389 کەس و برینداربوونی 12 هەزار و 424 کەسی دیکە.
هەروەها لە 26ـی حوزەیرانی رابردوودا، بەیرووت و تەل ئەڤیڤ رێککەوتنێکیان لەژێر ناوی "شێوازی چوارچێوە" بە ناوبژیوانیی ئەمریکی واژۆ کرد، کە تیایدا باس لە کشانی قۆناخ بە قۆناخی ئیسرائیلی لە خاکەکانی لوبنان و بڵاوبوونەوەی سوپای لبنان تێیاندا دەکرێت.
سەرەڕای رێککەوتنەکە، هێرشەکان بۆ سەر باشووری لوبنان بەردەوامن، هێشتا ناوچەکە لەژێر داگیرکاریدا ماونەتەوە کە هەندێکیان دەگەڕێنەوە بۆ دەیان ساڵ پێش ئێستا، و هەندێکی تریشیان لە کاتی جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل دەستیان بەسەردا گیراوە.