محەمەد شوکری: پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە ئاکرێ و بەردەڕەش پلانی داهاتووی حکوومەتە

محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان
محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی کردنەوەی نەخۆشخانەی ئایندە لە ئاکرێ رایگەیاند، کردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە کە لەلایەن ژمارەیەک پزیشکی وەبەرهێنەرەوە دروست کراوە، دەرفەتێکی باشە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی.

سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، جەختیکردەوە، سەرۆکوەزیران گرنگییەکی تایبەت بە ئاکرێ و بەردەڕەش دەدات لە رووی وەبەرهێنان و چالاکییە بازرگانییەکانەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک داوای کردووە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت لەو دوو ناوچەیە فراوانتر بکرێن.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاشکرایکرد، بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەت بۆ وەبەرهێنان لە ئاکرێ دادەمەزرێنین، هەرچەندە هێشتا نەگەیشتووینەتە قۆناخی جێبەجێکردن. ئاکرێ و بەردەڕەش دوو ناوچەی گرنگن لە پارێزگای دهۆک و بۆ قۆناخی داهاتوو گرنگییەکی زۆریان هەیە، بەتایبەت بۆ پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت.

بە گوتەی شوکری، ئێستا 23 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە ئاکرێ لە قۆناخی جێبەجێکردندان. لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەی گرنگتر لەوانە ناوچەی پیشەسازی لە ئاکرێ و بەردەڕەش، پڕۆژەی بازرگانی و هێنانی براندی جیهانی بۆ ئاکرێ، هەروەها پڕۆژەکانی پەیوەست بە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و پەرەپێدانی ژێرخانی کشتوکاڵی لە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان.

شوکری جەختیکردەوە، سەرجەم ئەو کارانە لە چوارچێوەی بەرنامەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندایە. لە داهاتوودا گرنگی زیاتر بە ئاکرێ و بەردەڕەش دەدرێت تا پلانی حکوومەت بۆ ئەو ناوچانە بەتەواوی جێبەجێ بکرێت.