ئەحمەد موفتی: هەرێمی کوردستان 35%ی گازی سروشتی هەموو عێراق بەرهەم دەهێنێت
بریکاری وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مۆدێلی بەڕێوەبردنی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەیەکەوە سینێرجییەکی تەواوکەریان دروستکردووە. هەروەها ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 35%ی گازی هەموو عێراق لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەرهەم دەهێنرێت.
سێشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2026، لە میانی بەشداریکردنی لە پانێلێکی دیداری مێری لەژێر ناونیشانی "بەهێزکردنی داهاتووی کوردستان"، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزیری سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند: "مۆدێلی بەڕێوەبردنی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بەیەکەوە سینێرجییەکی دروستکردووە کە تەواوکەری یەکن و پێی دەگوترێت ستراتیژییەتی گاز لە ناوچەکەدا."
ئەحمەد موفتی ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان توانیویەتی بە وەبەرهێنانی پارەی بیانی گاز بەرهەم بهێنێت، لە کاتێکدا لەنێو بودجەی عێراقدا خشتەیەک هەیە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز کە ساڵانە 200 تا 250 ملیۆن دۆلار تەرخان دەکرێت بۆ بەرهەمهێنان. گوتیشی: "تەرخانکردنی وەبەرهێنان لە مۆدێلی هەرێمی کوردستان سفرە و بە پارەی بیانی دەکرێت نەک پارەی حکوومەت، بۆیە گرێبەستەکانمان پێیان دەگوترێت گرێبەستی هاوبەش، تاوەکو لە کاتی بەرهەمهێنانی گازەکەدا، کۆمپانیای وەبەرهێنەر بەشێکی هەبێت بۆ پڕکردنەوەی تێچووەکانی خۆی."
بریکاری وەزیری سامانە سرووشتییەکان باسی لەوەش کرد کە عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە 3 هەزار ملیۆن مەتر پێ سێجا گاز بەرهەم دەهێنێت، کە زیاتر لە 35%ی کۆی گازی هەموو عێراق لە هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی چەسپاندنی یاسای نەوت و گازەوە تا ئێستا توانیویەتی خۆی بگەیەنێتە ئەم ئاستە بەرزە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا موفتی روونی کردەوە: "بۆ ئەوەی کارەبای عێراق ببێتە 24 کاتژمێری، پێویستی بە 8 ملیار مەتر پێ سێجایە، بەڵام عێراق نەیتوانیوە بگاتە ئەو ئاستە، بۆیە پەنای بردووەتە بەر هاوردەکردنی گاز؛ ئێستا 500 ملیۆن مەتر پێ سێجا لە رۆژێکدا لە تورکمانستانەوە بە گازی شل (LNG) دەهێنێت، لە ئێرانیشەوە دەیهێنێت و خۆشی بەرهەمی دەهێنێت."
سەبارەت بە کێڵگە گازییەکانی عێراق، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە وەبەرهێنانی پێویستیان تێدا نەکراوە یان سەری نەگرتووە، لەوانەش کێڵگەکانی عەکاز، خەشم ئەلئەحمەر لە دیالە و مەنسوورییە کە هەموویان کێڵگەی گازی گەورەن و تاوەکو ئێستا وەبەرهێنانی گازییان تێدا نەکراوە تاوەکو ئێمە و عێراقیش سوودیان لێ وەرگرین.
لە کۆتاییدا ئەحمەد موفتی جەختی لە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: "کوردستان توانیویەتی پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە ببێنێت؛ لە ساڵی 2020دا بەرهەمهێنانمان 350 ملیۆن مەتر پێ سێجا بوو لە رۆژێکدا، بەڵام ئێستا تەنیا لە کۆرمۆر گەیشتووینەتە 750 ملیۆن و بە کۆی گشتی بەرهەمی هەرێمی کوردستان لە 900 تا 1000 ملیۆن مەتر پێ سێجادایە."