لە هەرێمی کوردستان رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان دەکرێت
وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێکاری تایبەت بە رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان دەکات.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی و لقی هەولێری هاوردە و ناردنکاران و کۆمپانیاکانی بواری خۆراک و خاوەن کۆگاکان و مارکێتەکان کۆبووەوە و گفتوگۆ لەبارەی دابەزینی بەهای دینار و نرخی کاڵاکان کرا. سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 ـی گوت، لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکان و یەکێتی هاوردە و ناردنکاران و خاوەن کۆمپانیاکانی خۆراک و کۆگاکان لە گفتوگۆ و هەوڵی جددی داین بۆ ئەوەی کاریگەری دابەزینی بەهای دینار کەمبکەینەوە و رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان بکەن.
گوتیشی، لەپیناو پاراستنی بەرژوەندی هاووڵاتییان و رێگری لە گۆڕانکاری گەورە لە نرخەکان، جەخت لە هاوکاری نێوان کەرتی حکومی و تایبەت دەکەنەوە و هەموو هەوڵێک دەدەن بارگرانی لەسەر خەڵک دروست نەبێت و کەمترین کاریگەری لەسەر هاووڵاتییان هەبێت.
بریکاری وەزارەتی بازرگانی ئاماژەبەوەشدەکات، رێکاری پێویست بۆ راگرتنی هاوسەنگی بازاڕ و بەردەوام دابین کردنی پێداویستییە سەرەکییەکان دەگرنەبەر و کاریگەری هەڵاوسان لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵک کەمدەکەنەوە.
دوای ئەوەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لە درەنگانی شەوی هەشتی مانگ بڕیاری گۆڕینی بەهای دیناری بەرامبەر دۆلار دا و بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 150 هەزار دینار دیاری کرد، هاوکات نرخی فرۆشتنی دۆلار بۆ بانکەکان بە 151 هەزار دینار و بۆ هاووڵاتییانیش بە 152 هەزار دینار دیاریکراوە. ئەوەش نرخی زۆرینەی کاڵا و پێداویستییەکانی بەرزکردەوە.