لە سلێمانی دوو فیلمی سینەمایی نمایش دەکرێن

هەردوو فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" و "بیرەوەریی ئەسپی رەش"، کە هەردوو فیلمەکە لە دەرهێنانی شەهرام عەلیدییە، لە کارگەی کولتووری سلێمانی نمایش دەکرێت.

سێشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2026، شەهرام عەلیدی، دەرهێنەری ئەو دوو فیلمە سینەماییە بە کوردستان24ی راگەیاند، "چیڕۆکی فیلمی "سرتە لەگەڵ با"، باس لە ژیانی خەڵکی گوندە شاخاوییەکانی کوردستان دەکات، لە سەردەمی دەسەڵاتی سەرکوتکەری بەعسدا، مامه‌ بەڵدەردار، پیاوێکە وەک پۆستەچی لەنێوان گوندەکاندا دەگەڕێت، بەڵام نامەی نووسراو ناگوازێتەوە؛ بەڵکو دەنگ و پەیامەکانی خەڵک لەسەر کاسێت تۆمار دەکات و دەیانگەیەنێتە شوێنی مەبەست."

شەهرام عەلیدی سەبارەت بە چیڕۆکی نمایشەکە گوتی، "رۆژێک سەرکردەیەکی پێشمەرگە داوای لێدەکات دەنگی یەکەمین گریانی منداڵەکەی تۆمار بکات، کاتێک پۆستەچییەکە دەگاتە گوندەکە، دەزانێت بۆ پاراستنی ژیانیان، ژن و منداڵەکان گوازراونەتەوە بۆ دۆڵێکی دوور، بەمەش گەشتێکی نوێ دەستپێدەکات بۆ گەیشتن بەوان و گەیاندنی پەیامەکان."
 
ئەو دەرهێنەرە جەختی کردەوە، "فیلمەکە لە ساڵی 2009 بەرهەمهێنراوە و ماوەی فیلمەکە 77  خولەکە و بە زمانی کوردییە. فیلمەکە لە هەفتەی رەخنەگرانی فێستیڤاڵی فیلمی کان لە ساڵی 2009 بەشدار بووە."

شەهرام عەلیدی باس لە نمایشکردنی فیلمی دووەم دەکات و دەڵێت، "فیلمی "بیرەوەریی ئەسپی رەش"، باس لە یەکێک لە کچانی گروپەکە بە ناوی ئاسەکە دەکات لە کاتی ئەرکێکدا دەکوژرێت. هاوڕێکانی بەپێی ویستی ئەو، هەوڵ دەدەن ئەسپە رەشەکەی کە لە منداڵییەوە پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵیدا هەبووە، بهێننەوە بۆ ئەوەی پێش ناشتنی، جارێکی تر بیبینێت. گەڕان بەدوای ئەسپەکەدا رووداوە چاوەڕواننەکراوەکانی لێدەکەوێتەوە."

سەبارەت بە بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە، شەهرام عەلیدی گوتی، "فیلمەکە لە ساڵی 2015 بەرهەمهێنراوە و بە زمانی کوردی و تورکییە و ماوەکەی فیلمەکە 90 خولەکە.  موزیکی فیلمەکە لەلایەن کەیهان کەلهوڕییەوە دانراوە و هایدە سەفیاری دەستکاریی فیلمەکەی ئەنجام داوە. فیلمەکە یەکەمینجار لە تشرینی یەکەمی 2025 لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بوسان لە کۆریای باشوور پیشان دراوە."

فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با"، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2026 نمایش بکرێت و فیلمی سینەمایی "بیرەوەریی ئەسپی رەش"، رۆژی چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2026، لە کارگەی کولووری سلێمانی نمایش دەکرێت.