دابەشکردنی نەوتی سپی لە کەرکووک دەستپێدەکات و 100 لیتر بۆ هەر خێزانێک تەرخان کراوە
رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە پارێزگای کەرکووک دەستپێدەکات و هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو بە 20 هەزار دینار پێدەدرێت، هاوکات ئاوارەکانی دانیشتووی هەرێمی کوردستانیش لەم پرۆسەیە بێبەش ناکرێن.
ساڵانە لە مانگی 10 ـەوە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان لە سنووری کەرکووک دەستپێدەکات و ئەمساڵیش پرۆسەکە بە سیستمی دیجیتاڵی بەڕێوە دەچێت. لەوبارەیەوە دکتۆر ئەحمەد کەرکووکی، سەرۆکی لێژنەی خزمەتگوزارییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە کوردستان24 ـی راگەیاند: "لە رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەوە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان لە پارێزگای کەرکووک دەستپێدەکات و هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوتی پێدەدرێت."
سەرۆکی لێژنەی خزمەتگوزارییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بەوە دا کە رەنگە ئەو 100 لیترە بە دوو قۆناخ و هەر جارە و 50 لیتر نەوت بە هەر خێزانێک بدرێت. روونی کردەوە کە پرۆسەکە لە رێگەی سیستمی دیجیتاڵی و بە کارتێکی ئەلیکترۆنی (کی کارد) دەبێت، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە هەمووان لە نەوتی ئەمساڵ سوودمەند بن.
دەربارەی چۆنیەتی دابەشکردنەکە لە ناوچە جیاوازەکاندا، ناوبراو راشیگەیاند کە سەرەتا پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شار دەستپێدەکات و دواتر شارۆچکە، شارەدێ و گوندەکانیش دابەشکردنەکە دەگرێتەوە. هەروەها دووپاتیشی کردەوە کە ئاوارەکانی کەرکووک، ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە نیشتەجێن، لە پرۆسەی وەرگرتنی نەوت بێبەش ناکرێن و هاوشێوەی دانیشتووانی ناوخۆی کەرکووک، هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوتی پێدەدرێت.
لە چەند ساڵی رابردوودا دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان لە رێگەی 22 وێستگەی حکوومی، 70 وێستگەی تایبەت و 37 گۆڕەپان ئەنجام دراوه، و پێشبینی دەکرێت لە پرۆسەی ئەمساڵیشدا رۆژانە نزیکەی 900 هەزار لیتر نەوت بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت.