وەزارەتی پەروەردە نمرەی بۆ چاندنی نەمام و پاراستنی ژینگە تەرخان کرد

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا پێنج نمرە بۆ هەر بابەتێکی خوێندن بداتە ئەو قوتابیانەی لە ساڵی نوێی خوێندندا بەشداری لە پرۆژەی پاراستنی ژینگە و بەخێوکردنی نەمام دەکەن.

بەپێی گشتاندنێکی نوێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، کە رۆژی 12ـی تشرینی یەکەمی 2026 دەرچووە و ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە کراوە، بڕیار دراوە بە تەرخانکردنی پێنج نمرە بۆ هەر بابەتێکی خوێندن لە هەر وەرزێکدا. 

وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە دا، ئەم بڕیارە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و ناحکوومی دەگرێتەوە و ئامانج لێی جێبەجێکردنی پرۆژەی "پاراستنی ژینگە و بایهەخدانی قوتابی بە بەخێوکردنی نەمام"ـە بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027.

لە نووسراوەکەدا شێوازی دابەشکردنی نمرەکان بەم شێوەیە روون کراوەتەوە، بۆ بازنەی یەکەم ئەو پێنج نمرەیەی پاراستنی ژینگە دەخرێتە سەر هەڵسەنگاندنی چوارەمی هەردوو وەرزی یەکەم و دووەم لەلایەن مامۆستای بابەتەوە. 

سەبارەت بە پۆلەکانی چوار تاوەکوو 12، وەزارەتی پەروەردە ئەوەی خستەڕوو، پێنج نمرەکە بەسەر هەڵسەنگاندنی یەکەم و دووەمدا دابەش دەکرێت، واتە لە هەڵسەنگاندنی یەکەمی 10 نمرەیی دوو نمرە دەدرێت، هەروەها لە هەڵسەنگاندنی دووەمی 10 نمرەیی سێ نمرە تەرخان دەکرێت بۆ هەردوو وەرزی یەکەم و دووەم.

لە بەشێکی دیکەی گشتاندنەکەدا هاتووە، بۆ سەرجەم قۆناخەکانی پەیمانگەکانیش دوو نمرە بۆ وەرزی یەکەم و سێ نمرە بۆ وەرزی دووەم بۆ هەر بابەتێک لەلایەن مامۆستاوە تەرخان دەکرێت. هاوکات سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و دڵنیایی جۆری راسپێردراون تاوەکوو بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە قوتابخانە و پەیمانگاکاندا بکەن.