هەفتەی رۆشنبیری لەتیف هەڵمەت لە کەرکووک بەڕێوەدەچێت

بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەریی کەرکووک، زنجیرەیەک چالاکی رۆشنبیری و ئەدەبی لە ژێر ناونیشانی "هەفتەی رۆشنبیریی لەتیف هەڵمەت تایبەت بە کتێب» لە سەنتەری رۆشنبیریی کەرکووک بەڕێوەدەچێت.

سێشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2026، هەڤاڵ دارا، سەرپەرشتیاری ئەو هەفتە رۆشنبیرییە بە کوردستان24ی راگەیاند، "لەو هەفتە رۆشنبیرییەدا، کۆڕێک بۆ نووسەر ئەندازیار محەمەد عەزیز سەبارەت بە کتێبی "شاری زیرەک، ئایندەی نزیکی ژیان" بەڕێوەدەچێت. هەروەها سیمینارێک بۆ نووسەر د. دڵشاد عومەر تایبەت بە کتێبی "بەعسیزم لە کەرکووک، پرۆسەی تێکدانی قەڵای کەرکووک لە روانگەی بەڵگەنامەکانەوە" ساز دەکرێت. هەروەها کۆڕێک بۆ نووسەر و وەرگێڕ دانا عەسکەر سەبارەت بە کتێبی "گروپی کەرکووک، دووەمین تازەگەری شیعر" بەڕێوەدەچێت."

هەڤاڵ دارا سەبارەت بە کردنەوەی پێشانگەی کتێب گوتی، "لە پەراوێزی ئەم هەفتە رۆشنبیرییەدا، پێشانگەیەکی گەورەی کتێب بۆ ماوەی هەفتەیەک دەکرێتەوە. لە پێشانگەکەدا داشکاندنی تایبەت بۆ سەرجەم کتێبەکان کراوە؛ بە شێوەیەک 35% بۆ کتێبە عەرەبییەکان، 20% بۆ کتێبە کوردییەکان و 15% بۆ کتێبە ئینگلیزییەکان تەرخانکراوە. ​لە هەمان کاتدا و وەک ئاسانکارییەک بۆ خوێنەران و هاندانی کولتووری کتێب خوێندنەوە، سەدان ناونیشانی کتێبی کوردی بە شێوەیەکی جیاواز و تەنیا بە نرخی هەزار دینار نمایش دەکرێن."

سەبارەت بە ناونانی هەفتە رۆشنبیرییە بەناوی لەتیف هەڵمەت، هەڤاڵ دارا دەڵێت، "ناونانی هەفتەیەکی رۆشنبیری بە ناوی لەتیف هەڵمەت، رێزلێنانێکی شایستەیە لە دەیان ساڵ خزمەت، نوێگەری و بەخشینی ئەدەبی و فیکری بەرامبەر بە وێژە و رۆشنبیریی کوردی. هەروەها ​ئەم چالاکییە دەبێتە پردێک بۆ ئاشناکردنەوەی جیلی نوێی خوێنەران و گەنجان بە قووڵایی رۆشنبیریی کەرکووک و ئەو کەسایەتییە مەزنانەی رۆڵیان لە داڕشتنی شوێنپەنجەی ئەدەبیی شارەکەدا هەبووە، تاوەکو بیر و رێبازی نوێگەرییان بە زیندویی بپارێزرێت."

سەرپەرشتیاری هەفتە رۆشنبیرییەکە جەختی کردەوە، "کەرکووک لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا هەمیشە لانکەی نوێگەری و داهێنان بووە، بەتایبەت سازدانی ئەم هەفتە رۆشنبیرییە لە کەرکووک و بەناوی لەتیف هەڵمەتەوە، جەختکردنەوەیە لەسەر ناسنامەی رۆشنبیریی شارەکە و بەردەوامیدان بەو نەریتە دەوڵەمەندە ئەدەبییەی تێیدا گەشەی سەندووە."

هەڤاڵ دارا باسی لەوەش کرد، "​گرێدانی ناوی ئەم کەسایەتییە ئەدەبییە بە پێشانگەیەکی گەورەی کتێب و دابینکردنی داشکاندنی تایبەت، لەگەڵ دابینکردنی سەدان کتێب بە نرخێکی زۆر کەم، هۆکارێکی بەهێزە بۆ راکێشانی خەڵک بەرەو کتێبخانەکان و زەقکردنەوەی بایەخی کتێب لە ژیانی کۆمەڵگەدا."

هەفتەی رۆشنبیریی لەتیف هەڵمەت تایبەت بە کتێب، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2026، لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکووک بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.