بانکی ناوەندیی عێراق: 93%ـی داهاتی عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت

بەڕێوەبەری ئامار لە بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بەهای دۆلار بۆ ئابووریی عێراق گرنگییەکی لەڕادەبەدەری هەیە، بەوپێیەی عێراق وڵاتێکی بەکاربەرە و 93%ی داهاتەکەشی پشت بە نەوت دەبەستێت. هاوکات جەختی کردەوە, ئەرکی سەرەکیی بانکی ناوەندی پاراستنی بەهای دینارە و یەدەگی دارایی بانکەکەش موڵکی تەواوی وڵاتە نەک تەنیا حکوومەت.

سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەمیر فەخری، بەڕێوەبەری ئامار لە بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند: بەهای دۆلار بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە، چونکە عێراق وڵاتێکی بەکاربەرە و داهاتەکەشی بە دۆلارە، پرسی ئاڵوگۆڕی دراو تەنیا پرۆسەیەکی سادەی گۆڕینەوەی پارە نییە.

فەخری روونی کردەوە کە خەرجییەکانی حکوومەت بە تەواوی بەستراوەتەوە بە داهاتی نەوتەوە و گوتی: "93%ـی داهاتەکانمان بەهۆی نەوتەوە دابین دەکرێت و حکوومەتیش لە رێگەی ئەو داهاتەوە پارەی خەرجییەکانی بەکاربردن و پرۆژەکانی وەبەرهێنان دابین دەکات."

سەبارەت بە ئەرک و پێگەی بانکی ناوەندیش، بەڕێوەبەری ئامار جەختی کردەوە: ئەرکی سەرەکیی بانکی ناوەندی، پاراستنی بەهای دینارە بەرانبەر بە دراوە بیانییەکان؛ دەتوانم بڵێم یەدەگی دراوی بیانیی بانکی ناوەندی موڵکی تەواوی دەوڵەت و وڵاتە نەک تەنیا حکوومەت.