وەزارەتی نەوتی عێراق: هەناردەی نەوت گەیشتووەتە 2.7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: قەبارەی هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتەکە گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. هاوکات ئاشکرای کرد، هەنگاوەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردە لە رێگەی بۆریی عێراق- تورکیاوە.

سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەلیم رووکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی نەوت هەوڵێکی گەورە دەدات بۆ پاراستنی ئاستی هەناردەی نەوتی خاو و زیادکردنی بڕەکەی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە قەیرانی گەرووی هورمز وەک قەیرانێکی وزەی جیهانی بەردەوامە.

رووکابی روونی کردەوە،  قەبارەی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە؛ دوای ئەوەی لە مانگی ئایاری رابردوودا لە سنووری 200 هەزار بەرمیلدا بوو لە رۆژێکدا، ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل، سەرەڕای سەرجەم ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانەی کە قەیرانی گەرووی هورمز سەپاندوویەتی.

هاوکات رایگەیاند:  رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت، لە رێگەی کەرکووک و هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت. جەختی لەوەش کردەوە، وەزارەت پلانی هەیە ئاستی هەناردەکردنی نەوت زیاد بکات.

سەبارەت بە وردەکاریی رێگەی بۆریی عێراق- تورکیا، رووکابی روونی کردەوە، ئەو بۆرییە خاوەنی توانایەکی دیزاینکراوە، کە ئاستی هەناردەکردن تێیدا دەگاتە یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا کەمترین توانای دیاریکراو بە پێی ڕێککەوتنی کاتیی نێوان هەردوو وڵات، 750 هەزار بەرمیلە رۆژانە.

گوتیشی: ئێستا نزیکەی 300 هەزار بەرمیل لە رێگەی ئەم بۆرییەوە هەناردە دەکرێت، وەزارەتیش بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ بەکارهێنانی کەمترین توانای دیاریکراو کە 750 هەزار بەرمیلە، بە مەبەستی رەخساندنی دەروازەی زیاتر بۆ بازاڕکردنی نەوتی خاو.

 گوتەبێژی وەزارەتی نەوت پەردەی لەسەر پرۆژە ستراتیژییە نوێیەکان لادا و ئاشکرای کرد، وەزارەت پلانی راکێشانی چەند هێڵێکی دیکەی بۆریی نەوتی هەیە، لەوانەش بۆریی بەسرە – حەدیسە – فیشخابوور و بۆریی بەسرە – حەدیسە – بانیاس. دووپاتیشی کردەوە، کە دانوستانەکان بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆژانە بەردەوامن، وەک بەشێک لە ئاراستەی دەوڵەت بۆ فرەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن.