سەرتاشەکەی بێنزێما و ڤینیسیۆس پاڵێوراوی خەڵاتی باشترین یاریزانی فەڕەنسا
سەرتاشێکی فەڕەنسی کە پێشتر قژی چەند یاریزانێکی دیاری وەکو کەریم بێنزێما و ڤینیسیۆس جونیۆری چاککردووە، ئێستا وەکو یاریزانی خولی پلەی سێی فەرەنسا پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی خولەکە.
ئەمیر ئێتیێن ئەو کەسەیە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر وەکو سەرتاشی یاریزانە دیارەکان ناوبانگی دەرکرد، بەڵام لەناکاو سەری لە یاریگاکان دەرهێنا و ئێستا بووەتە یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی خولی پلە سێی فەڕەنسا، ئەو یاریزانە لە هەشت یاری سەرەتای ئەم وەرزەی خولەکە توانیویەتی چوار گۆڵ بۆ یانەکەی بکات و یەکێکە لە پاڵێوراوەکانیشە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی یەکەمی خولەکە.
ئەو یاریزانەی یانەی FC Versailles 78 بەسەرهاتەکەی باس دەکات و دەڵێت '' من بە کەڵکی قوتابخانە و وانە خوێندنم نەدەهاتم، پێشتر دوو ساڵ تووشی ئازاری بڕبڕەی پشت بووم و پێویست بوو کارێکی دیکە بدۆزمەوە، لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆم فێری سەرتاشی کرد، برا گەورەکەی ئێدواردۆ کاماڤینگا سەرتاشێکی زیرەک و لێهاتوو بوو، ئەو کاتەی چوومە مەدرید ئەو زۆر پشتگیری کردم، لەگەڵیدا لە سەرتاشخانەکان قژی یاریزانەکانم چاک دەکرد، دوای ماوەیەک دەستی کرد بە چاک کردنی قژی ڤینیسیۆس جونیۆر و پاشان چەند یاریزانێکی دیکەی یانەی ریاڵ مەدرید لەوانەش کەریم بێنزێما، دواتر ئەو دەرفەتە بۆ منیش رەخسا قژی ڤینی و کەریم چاک بکەم و لەو کاتەوەش بوینە هاوڕێی نزیکی یەکتری ''.
ئەمیر ئێتیێن دوای پێشکەش کردنی ئاستێکی باش لەگەڵ یانەکەی پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی رابردووی خولی پلە سێی فەڕەنسا و ڤینیسیۆس جونیۆر و کەریم بێنزێماش پشتگیری ئەو یاریزانە دەکەن بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە.