تایبەت؛ شاندێک لە ئێرانەوە دێنە دهۆک بۆ ئەوەی یەحیا گولمحەمەدی لەگەڵ خۆیان ببەنەوە
پێنجشەممە شاندێک لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران سەردانی یانەی دهۆک دەکات و دەیانەوێت یەحیا گولمحەمەدی بکەنە راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی ئێران.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، رۆژی پێنجشەممە شاندێک لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران سەردانی یانەی دهۆک دەکەن و لەگەڵ عەبدوڵلا جەلال سەرۆکی یانەکە کۆدەبنەوە، دەیانەوێت یانەی دهۆک رازی بکەن دەستبەرداری یەحیا گولمحەمەدی بێت و هەردوولا رازی بن گرێبەستەکەی نێوانیان هەڵبوەشێننەوە، بۆ ئەوەی راهێنەرە ئێرانییەکە بگەڕێتەوە تاران و ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی لاوانی ئێران بگرێتە ئەستۆ.
گولمحەمەدی هاوینی ئەمساڵ ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی دهۆکی گرتە ئەستۆ و بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیاکانی ئێران مووچەی مانگانەی ئەو راهێنەرە ئێرانییە 9 ملیۆن و 600 هەزار دینار دەبێت ئەگەر بێتو ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی وڵاتەکەیان، راهێنەرە ئێرانیەکە لەگەڵ یانەی دهۆک لە نۆ یاری دوو بردنەوە و شەش یەکسانبوون و دۆڕانێکی بۆ هەڵۆیەکانی بادینان بەدەستهێناوە و دهۆک بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لە پلەی هەشتەمی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، بەندە ئاڵۆز و شایستە داراییەکانی گرێبەستەکەی یەحیا گولمحەمەدی رێگرن لە بەردەم ئەوەی دهۆک گرێبەستەکەی گولمحەمەدی هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە ئەگەر هەردوولا بڕیار بدەن لە یەکتری جیاببنەوە، دەبێت بە گفتوگۆ و رەزامەندیی هەردوولا گرێبەستەکەی نێوان هەڵبوەشێننەوە.
کوردستان24 زانیویەتی، مەسعود میراڵ بەربژێرێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی لە شوێنی یەحیا گولمحەمەدی ببێتە راهێنەری یانەی دهۆک و ماوەیەک لەمەوبەر گفتوگۆش لە نێوان هەردوولا کرابوو بۆ ئەوەی راهێنەرە ئێرانییەکە بگەڕێتەوە سەر کورسی یەدەگی یانەی دهۆک.
میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کردووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لەگەڵ یەحیا گولمحەمەدی گەیشتوونەتە رێککەوتن و تەنیا رەزامەندیی یانەی دهۆک ماوە بۆ ئەوەی راهێنەرە بارگەی بپێچێتەوە و بگەڕێتەوە تاران و ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی وڵاتەکەی.