ئەکسیۆس: ترەمپ و ناتانیاهۆ تاوتوێی هێرشێکی گەورەی هاوبەشیان بۆ سەر ئێران کردووە
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل ئاشکرایان کرد، دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی سەربازیی هاوبەشیان بۆ سەر پێگە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان تاوتوێ کردووە، ئەوەش دوای نیگەرانییەکانی تەلئەڤیڤ لە هەوڵەکانی تاران بۆ کاراکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، پێگەی ئەکسیۆس لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی ، بەرپرسێکی ئیسرائیلی و سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاو کردووەتەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە زانیارییە هەواڵگرییەکان دەربڕیوە کە ئاماژە بەوە دەکەن تاران هەنگاوی خێرای ناوە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەشە جیاوازەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئیسرائیل بە تایبەتی نیگەرانە لەوەی ئێران کێوی قوڵنگ وەک پێگەیەکی نوێ بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەکاربهێنێت.
لەو چوارچێوەیەدا، لە دوو هەفتەی رابردوودا ناتانیاهۆ چەندین پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ ترەمپ ئەنجام داوە و باسیان لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە بۆ سەر ئامانجە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران. هاوکات لە 2ی تشرینی یەکەمدا، ئەندامانی باڵای کابینەکەی ترەمپ بۆ چەندین کاتژمێر لە کامپ دەیڤد کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتووی جەنگ و ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان.
بەپێی سەرچاوەکان، ترەمپ سەرەتا مەیلی بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان هەبووە و بە نەتانیاهۆی گوتووە: خۆتان ئامادە بکەن، بەڵام دواتر هەڵوێستی گۆڕاوە و دوودڵ بووە لە بڕیاردان.
بەرپرسێکی ئەمریکی لەو بارەیەوە دەڵێت: "ناتانیاهۆ دەیەوێت دووبارە بچێتەوە ناو جەنگ و چەندین جار لەگەڵ ترەمپ قسەی کردووە، بەڵام هیچ پابەندییەکی روون نییە؛ گوتنی 'خۆتان ئامادە بکەن' رەنگە بە مانای ئێستا بێت، یان دواتر، یانیش هەرگیز نەکرێت."
لە ناوخۆی ئیدارەی ئەمریکاشدا روانگەکان دابەش بوون؛ پێت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەهێزترین لایەنگری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانن بۆ سەر ئێران، بەڵام زۆربەی راوێژکارەکانی دیکەی ترەمپ داوای بەردەوامیی سزاکان و خنکاندنی ئابووریی ئێران دەکەن بەوپێیەی فشارە ئابوورییەکان کاریگەرییان زیاتر بووە.
لە بەرانبەردا، بەرپرسێکی کۆشکی سپی هەواڵی تاوتوێکردنی هێرشەکەی رەتکردەوە و گوتی سەرۆک پێشتر رایگەیاندووە بەر لە هەڵبژاردنە بەراییەکان هێرش ناکەنە سەر ئێران. نووسینگەی نەتانیاهۆش رایگەیاند سەرۆکوەزیران پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ ترەمپ هەیە بەڵام لێدوان لەسەر ناوەڕۆکی گفتوگۆ نهێنییەکان نادات.
سەرچاوە سەربازییەکان ئاشکرایان کردووە کە سوپای هەردوو وڵات لە حاڵەتی ئامادەباشیدان. لە هەفتەی رابردوودا جەنەراڵ ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل پەیوەندیی بە جەنەراڵ دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکاوە کردووە و تاوتوێی ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگێکی بەرفراوانیان لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوودا کردووە.
زامیر هۆشداریی داوە کە دەستپێکردنەوەی جەنگ لەو ماوەیەدا رەنگە ببێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل کە بڕیارە لە 27ـی تشرینی یەکەم بەڕێوە بچێت، بەهۆی ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت ئێران بە سەدان مووشەکی بالیستی تۆڵە بکاتەوە. ئەمەش سوپاسالاری ئیسرائیلی خستووەتە دۆخێکی دژوارەوە، چونکە هێرشکردن بەر لە هەڵبژاردن ڕەنگە وەک فێڵێکی سیاسیی ناتانیاهۆ لێکبدرێتەوە و متمانەی جەماوەر بە سوپا لاواز بکات.
بەپێی بەرپرسانی ئەمریکی، کۆشکی سپی ئاگاداری بارودۆخی ناوخۆیی ناتانیاهۆیە و پێی وایە ئەو دەیەوێت وەک سەرۆکوەزیرانی کاتی جەنگ بچێتە ناو هەڵبژاردنەکان. لە بەرانبەریشدا ناتانیاهۆ بە بەرپرسانی ئەمنیی وڵاتەکەی گوتووە کە ترەمپ دەستپێشخەریی تاوتوێکردنی هێرشەکەی پێش هەڵبژاردن کردووە و پرسیاری لێکردووە ئایا ئیسرائیل بەشدار دەبێت یاخود نا. لە لایەکی دیکەوە، هەڵگیرسانی جەنگ بەر لە هەڵبژاردنی ئەمریکا مەترسیی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و ناڕەزایەتیی دەنگدەرانی لێ دەکەوێتەوە بۆ سەر ترەمپ.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان نێوەندگیرانی قەتەری چاوەڕوانی وەڵامی ئێرانن بۆ پێشنیازی ئەمریکا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە بەرانبەر سازشکردنی تاران لە دۆسیەی ئەتۆمی. ترەمپیش رۆژی سێشەممە بە رۆژنامەنووسانی گوتبوو: ئێران وڵاتێکی شکستهێناوە و ئێمە زۆر بەمزووانە بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو وڵاتە دەدەین.