ترەمپ: تایوان 30% گازی ئالاسکا دەکڕێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لە ئەلاسکا رایگەیاند، تایوان رازی بووە 30%ـی گازی سرووشتیی شل لە ئەلاسکا بکڕێت. 

هاوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانی لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە بوو و ئاشکرایکرد، تایوان بەڵێنی داوە 4.4 ملیار دۆلار لە پەرەپێدانی ئەو بۆرییە گازەی ئالاسکا وەبەرهێنان بکات. لێژنەی نیشتمانیی پارتی کۆمارییەکان سەرپەرشتیی رێکخستنی ئەو کۆبوونەوەیەی کردووە.

چو جونگ تای، سەرۆکوەزیرانی تایوان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە قسەکانی ترەمپ، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەرکی حکوومەت دڵنیابوونە لە جێگیریی دابینکردنی وزە و بەهێزکردنی توانای خۆڕاگری، هاوشێوەی ئەو هەنگاوانەی حکوومەتەکان لە سەرانسەری جیهان دەیگرنەبەر.

ئەو لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە بەرپرسانی تایوان لە شوباتی رابردوودا رایانگەیاندبوو، ئەمساڵ کڕینی گازی سرووشتی لە ئەمریکا زیاد دەکەن بۆ ئەوەی بگاتە نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو بڕە گازەی بۆ دوورگەکە هاوردە دەکرێت، هاوکات کڕینی گاز لە وڵاتانی دیکە کەم دەکەنەوە.

پڕۆژەی گازی ئەلاسکا پڕۆژەیەکی زەبەلاح و پێشنیازکراوە بۆ دروستکردن و راکێشانی هێڵێکی گواستنەوەی گازی سرووشتی لە باکووری ئەلاسکاوە بۆ ناوچە کەناراوەکان بۆ هەناردەکردن. ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە سەرمایەگوزارییەکی زۆر و گرێبەستی درێژخایەن هەبووە بۆ ئەوەی بڕی تێچووی بۆ دابین بکرێت.

 تایوان هەوڵ دەدات هاوردەکردنی وزە لە ئەمریکاوە زیاتر بکات بۆ ئەوەی هاوسەنگییەکی بازرگانی دروست بکات و کێشەی کورتهێنانی هاوسەنگی بازرگانی لەگەڵ واشنتن کەمبکاتەوە. لە هەمان کاتدا، ئیدارەی ئەمریکا هەوڵ دەدات بازاڕی نوێ لە ئاسیا بۆ وزەی خۆی بدۆزێتەوە و پشتگیریی دارایی بۆ ئەم پڕۆژە گەورەیەی ئەلاسکا پەیدا بکات.