بڕیارەکەی عێراق زیانی بە کەرتی پەلەوەری کوردستان گەیاندووە
بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ لابردنی باج لەسەر مریشکی هاوردە و رێگریکردن لە گەیشتنی بەرهەمی هەرێمی کوردستان بۆ خواروو و ناوەڕاستی وڵات، زیانێکی گەورەی بە کەرتی پەلەوەر گەیاندووە و نرخی مریشکیشی لە بازاڕەکاندا بە خێرایی دابەزاندووە.
مەسعود رەسووڵ، خاوەن کێڵگەیەکی پەلەوەرە، بە ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ناردنی مریشک بۆ خوارووی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی قەدەخە کراوە و ئەمەش وای کردووە بازرگانان پەنا بۆ رێگەی نایاسایی ببەن. ئەو، گوتی، "ناردنی مریشک بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە، بەڵام بازرگانەکان بە نووسراوی ساختە یان بە پێدانی بەرتیل، کە بڕەکەی دەگاتە دوو بۆ سێ ملیۆن دینار بۆ هەر بارێک، مریشکەکان دەگەیەننە پارێزگاکانی وەک مووسڵ و باشووری عێراق."
دابەزینی نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بازرگانانی گۆشتی سپیشی تووشی شۆک کردووە. رێکان عەبدوڵڵا، بازرگانی گۆشتی سپییە، هۆکاری ئەم دابەزینە خێرایەی نرخ بۆ بڕیارێکی بەرپرسانی عێراق دەگەڕێنێتەوە.
رێکان باسی لەوە کرد، "بڕیارێکی بەرپرسانی عێراق بۆ کردنەوەی دەروازەکان بەڕووی مریشکی بەستووی هاوردە بەبێ گومرگ، وای کرد نرخی مریشکی ناوخۆیی زۆر دابەزێت. پێش بڕیارەکە کیلۆی مریشک بە 2,750 دینار بوو، بەڵام لە ماوەی سێ بۆ چوار رۆژدا دابەزی بۆ 2,250 دینار. ئێستا هەوڵ دەدەین بە هەر شێوەیەک بێت بەرهەمەکانمان بفرۆشین پێش ئەوەی زیانی زیاتر بکەین."
هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی هێلکە و گۆشتی مریشک گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و دەتوانێت پێداویستییەکانی بەشێکی زۆری عێراقیش پڕ بکاتەوە. داخستنی رێگاکان هۆکارە بۆ کەڵەکەبوونی بەرهەمەکان لە ناوخۆدا. خاوەن کێڵگەکانیش روونیان کردەوە، تێچووی بەخێوکردن زۆر بەرزە و ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ مریشکەکان بهێڵنەوە.
شێرکۆ فارس، یەکێکی دیکەیە لە خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەر، مەترسیی زیانێکی زۆری خستەڕوو، گوتی، "تێچووی ئالیک زۆر گرانە، ئێمە دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا مریشکەکان بفرۆشین. ئەگەر رێگاکان نەکرێنەوە و بەرهەمەکانمان لە بازاڕدا نەفرۆشرێن، تووشی زیانێکی زۆر دەبین و رەنگە لە یەک کێڵگەدا 10 هەزار مریشک لەناو بچن یان بە زیانێکی گەورەوە بیفرۆشین."
بەپێی دەستووری عێراق هاووڵاتییان و بەرهەمی ناوخۆیی لە زاخۆوە تاوەکوو فاو دەبێت یەک مافیان هەبێت. چاودێران و خاوەن کێڵگەکان رەخنەیان گرت و باسیان لەوە کرد، حکوومەتی عێراق دەرگای بۆ بەرهەمی زیاتر لە 13 وڵاتی جیهان کردووەتەوە، لە بەرانبەردا هەزار و یەک رێگری دەخاتە بەردەم بەرهەمی جووتیار و خاوەن کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی نەگاتە بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
لەم دواییانەدا و لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی 2026، حکوومەتی عێراق بڕیاری دا باج و گومرگ لەسەر هێلکە و مریشکی بەستووی هاوردە هەڵبگرێت. ئەم بڕیارە کاردانەوەی توندی لە هەرێمی کوردستان لێ کەوتەوە. بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوو نامەی فەرمیی ناڕەزایەتیی ئاراستەی وەزیری کشتوکاڵی عێراق کرد. لە نامەکاندا هۆشداریی دا لەوەی ئەم بڕیارە زیانێکی گەورە بە کەرتی ناوخۆیی دەگەیەنێت و دەیان هەزار هەلی کار دەخاتە مەترسییەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ئێستا زیاتر لە 2,100 پڕۆژەی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستاندا هەن. ئەم پڕۆژانە ساڵانە نزیکەی 450 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێنن. پێداویستیی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان تەنیا 150 هەزار تۆنە و 300 هەزار تۆنەکەی دیکە دەتوانرێت بۆ شارەکانی عێراق بنێردرێت.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوا دەکەن لە جیاتی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی، عێراق ئاسانکاری بکات بۆ ئەوەی بەرهەمی پەلەوەریی هەرێمی کوردستان بەبێ کۆسپ بگاتە بازاڕەکانی خواروو و ناوەڕاستی وڵات.